پەرەگراف
بەردی بناغەی پرۆژەی "گوندی كۆجۆی نوێ" لە قەزای شنگال دانرا. لەو گوندە كە زێدی نادیە مورادە و بووە بە سیمبولی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان، پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی هاوچەرخ بە هەموو پێداویستییەكانیەوە بونیاد دەنرێت.
پرۆژەكە لە 134 یەكەی نیشتەجێبوون پێك دێت، كە هەموو خزمەتگوزارییەكانی لە قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و ژێرخانی تەواو بۆ دابین دەكرێت.
بەیانی ئەمڕۆ 5-9-2024، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە ڕێگەی ئۆنلاین، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوای ڕاسپارد كە لە گوندی كۆجۆ بەردی بناغەی پرۆژەكە دابنێت.
پرۆژەكە بە پاڵپشتیی دارایی دەزگای ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت و بە هاوبەشی لەلایەن ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی و بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە جێبەجێ دەكرێت.
سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكەدا وتارێكی بە ئۆنلاین پێشكەش كرد و تێیدا وتی "لەم گوندە كە شاهێدی تاوانكارییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشە، بەردی بناغەی پرۆژەی هاوچەرخی نموونەیی نیشتەجێبوونی (گوندی كۆجۆی نوێ) دادەنێین، بە تەواوی خزمەتگوزارییەكانەوە لە ڕێگاوبان و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە".
سوودانی بەڵێنی دا هەوڵەكانی حكومەتەكەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال بەردەوام بێت. لەو چوارچێوەیەشدا جێبەجێكردنی "دروستكردنی دوو نەخۆشخانە، پرۆژەی ئاوی ڕەبیعە و پرۆژەی زانكۆی شنگال" كە پێشتر بڕیاریان لێ دراوە.
داعش لە مانگی ئابی 2014 هێرشی كردە سەر قەزای شەنگال كە زێدی مێژوویی ئێزدییەكان لە خۆرئاوای مووسڵ و كۆنتڕۆڵی كرد. گوندی كۆجۆ كە سەر بە هەمان قەزایە، بەهۆی قوربانییە زۆرەكەی و ئەوەی كە زێدی (نادیە موراد)ـە، بووە بە سیمبولی كۆمەڵكوژكردنی ئێزیدییەكان.
نادیە موراد، ئەو كچە ئێزیدییە بوو كە دوای کۆمەڵکوژی و ڕفاندنى كەسوكارەكەی لە گوندی كۆجۆ، خۆیشی هاوشێوەی هەزاران كچ و ژنی ئێزیدی ڕفێندرا، بەڵام دوای سێ مانگ توانیی خۆی ڕزگار بكات.
نادیە موراد لە ساڵی 2018 وەكوو سیمبولی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرت. لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەشدا وتی "هیچ خەڵاتێك كەرامەتی ئێمە ناگەڕێنێتەوە، جگە لە دادپەروەری و سزادانی تاوانباران". داوایشی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد، سۆزدارییەكانیان بۆ ئێزیدییەكان بگۆڕن بە كردار.