مەسرور بارزانی دەڵێت لە  خولی داهاتووی پەرلەماندا نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان شایستەتر دەچەسپێنن

05-09-2024 10:42

پەرەگراف

مەسرور بارزانی دەڵێت لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا بە شێوەیەکی شایستەتر دەچەسپێنن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە "یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان" کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەش کردو باسی مافی پێکهاتەکان کلتوری پێکەوەژیانی کرد.

مەسرور بارزانی وەک ئاماژەیەک بۆ کەمکردنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە ١١ وە بۆ ٥ کورسی، وتی "لەم دواییانەش کە هەوڵ درا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆو و دامودەزگای فیدراڵیی عێراقیش پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە".

"پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر دەچەسپێنین" مەسرور بارزانی وای وت.

دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی یەکێتی بڕیاریدا بە؛ هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان و ژمارەی کورسییەکانی لە ١١١وە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی، ئەوەش ناڕەزایی تووندی پێکهاتەکان و پارتی دیموکراتی لێکەوتەوە، دواتر بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، پێنج کورسیی کۆتا گەڕێندرایەوە بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەمانداو دابەشکران بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.

پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان؛ لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستیان هەروەها لە دهۆک کورسییەکی کریستیان بۆ ئەرمەنەکان تەرخان دەکرێت.

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ‏ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت ‏نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی ‏بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمانی كوردستان بوو چارەسەر ‏بكەن تا دادگای فیدراڵی یەکلای کردەوە.

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەبوو و ‏پێیان وابوو نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ ‏سیاسییەكاندا بەكارهێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێك بوو هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی ‏یەكلا دەبوونەوە.

پێشتر لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆی 111 پەرلەمانتار، 11 كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخانكرابوو بە كۆتا؛ پێنج بۆ توركمان، پێنج بۆ مەسیحی و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن.

بەپێی بەدواداچوونێکی پەرەگراف فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان بەبێ هیچ پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەک تەمەنی کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستانیان بەڕێكرد.