پەرەگراف- ھەڤاڵ زەنگەنە
بزوتنەوەی گۆڕان، بە مەیلی دانوستانەكانی شەش ساڵ لەمەوبەری دابەشكردنی پۆستەكان، نیازی هەیە لە دەرگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بداتەوە بۆ پۆستەكانی سلێمانیو هەڵەبجە، هەرچی ئەو حیزبەشە، هێشتا بێدەنگیی بەرانبەر بەو خواستەی "هاوپەیمانەكەی" هەڵبژاردووە.
لە دوایین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، پێنجشەممە 9ی تەمموز، تەوەرێكی گفتوگۆكانیان پێویستی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی بووە، كە ماوەیەكە لێپرسراوانی بزوتنەوەكەی كردویانەتە باسێكی گەرمی میدیا.
وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە "بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاری لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان ئەنجامدەدات".
شەماڵ عەبدلوەفا، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆران كە هاوكات لە لیژنەی باڵای ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیدایە بۆ پەرەگراف وتی "بڕیارە شەممە (11ی تەمموز) لەگەڵ یەكێتی كۆببینەوە بۆ ئەو مەبەستە".
ئەو كۆبونەوەیە بۆ كۆی دۆسیەكانی گۆڕانكارییە، بەوتەی عەبدلوەفا، "واتە ئاڵوگۆڕ و پڕكردنەوەی پۆستەكانیش دەگرێتەوە".
ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی لە كانونی یەكەمی 2014 واژۆكرا بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەتی خۆجێی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، تا پێكەوە دوو ساڵ جارێك پۆستەكان لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕی پێبكرێت.
"هیچ ڕێككەوتنێكی تازە نییە، ڕێككەوتنێكی كۆنمان هەیە و لەسەر ئەو ڕێككەوتنە كۆنە قسە دەكەین، ئاڵوگۆڕیش لەو پۆستانەی ئێستادا دەكرێت" شەماڵ عەبدولوەفا وای وت.
بەپێێ زانیارییەكان گۆڕان داوای پڕكردنەوەی 15 پۆست لە یەكێتی دەكات لە نێویاندا؛ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو قائیمقامی هەڵەبجە، سەرۆكی ئیدارەی ڕاپەڕین، جێگری سەرۆكی ئیدارەی گەرمیانو بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان لەگەڵ ژمارەیەك قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە.
لە ئێستادا پۆستەكانی؛ پارێزگاری هەڵەبجە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆكی ئیدارەكانی ڕاپەرین و گەرمیان لەلای یەكێتین، پۆستی پارێزگاری سلێمانیش بە دەست گۆڕانەوەیە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر لە ئابی 2016دا بوو بە پارێزگار دوای كۆتاییهاتنی دوو ساڵەكەی ئاسۆ فەرەیدون لەو پۆستەدا (2014-2016)، بەڵام بەهۆی داننەنانی گۆڕان بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی لەو كاتەدا، لە كۆتایی 2017دا هەڤاڵ ئەبوبەكر دەستبەكاربوو.
لێپرسراوانی یەكێتی، بە پێچەوانەی گۆڕانەوە بێدەنگن بۆ گۆڕانكاریی، تەنیا ئەوەی لە ئاستی باڵادا باس لە پێویستی هێشتنەوەی پەیوەندی ئاسایی و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ گۆڕاندا دەكەن.
ئەندامێكی لیژنە فەرعیەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بۆ پەرەگراف وتی "تائێستا یەك كۆبونەوەی لیژنەی باڵا كراوە و دیارنییە باسی چی كراوە، یان بڕیارەكان چی بون، ئەو كۆبونەوەیەش لەسەر داوای گۆڕان بووە بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی خۆی".
ڕێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی، جگە لە پۆستە باڵاكان، بۆ دابەشكردنی 12 قایمقام، 37 بەڕێوەبەری ناحیە و 22 بەڕێوەبەری گشتی بوو، بەدەر لەو پۆستانەی بە لایەنەكانی تری خاوەن كورسیی لە ئەنجومەنی پارێزگا دران، بەڵام هێشتا بەشێك لەو پۆستانە ڕادەستی گۆڕان نەكراون.
ئەندامەكەی لیژنەی فەرعی نێوان هەردوو حیزب وتی "گۆڕان داوای ژمارەیەك پۆستی كردووە كە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت، لەوانەیە گۆڕانكاری لە هەندێك پۆستی خۆیشیدا بكات".
پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبوونەوە حیزبییەكانی نێوانیاندا، بەرپرسانی یەكێتی لە ئاستی باڵادا بەڵێنیان بە گۆڕان داوە كە پابەندی ڕێككەوتنی نێوانیانو ئاڵوگۆڕی پۆستەكان دەبن، ئەوەش وەك سەرەتایەك بۆ "گەڕانەوەی متمانە" لە نێوانیان ناوبراوە.
بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، گۆڕان توانی 12 كورسی و یەكێتیش 11 كورسی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەستبهێنن.
ئەو دوو حیزبە، لە دەرەوەی ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان، لە ئایاری 2016دا ڕێككەوتنێكی تری سیاسییان واژۆكرد لەسەر چەند سێكتەرێك، بە ئامانجی كاری پێكەوەیی، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردودا زیاد لە جارێك بەهۆی ڕووداوی جیاوازەوە بارگرژی كەوتە نێوان گۆڕان و یەكێتی، بەوهۆیانەوە گۆڕان ئەو ڕێككەوتنەی لە جڤاتی نیشتیمانی سڕ كرد.