پەرەگراف
سەدان دەروێشی شێخ محەمەدی كەسنەزانی بە شمشێرو جەنجەر لە خۆدان، مەرزی باشماخیان لە هەردوو دیوی عێراقو ئێران بە نایاسایی تێپەڕاندو بەپێ بەرەو سلێمانی بەڕێگاوەن.
بەشی ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكانی مەرزی باشماخ بە پەرەگرافی وت "هەردوو مەرزی عێراقو ئێرانیان تێپەڕاندووەو بەپێ دەڕۆن بەرەو سلێمانی".
لەبارەی دروستبوونی گرژیو ئاڵۆزی، ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكانی مەرزی باشماخ وتی "لە بەری ئێران تەقەیان لێ كردوونو پێموابێ برینداریان هەیە، لەمدیو ڕێگرییان لێكرا، بەڵام كەسیان ئازار نەدرانو كە زانرا كۆنتڕۆڵ ناكرێتو ژمارەیان زۆرە بازگەكەیان تێپەڕاندو ڕۆیشتن".
"كەس نەیدەوێرا نزیكیان ببێتەوە خۆیان بەرچەقۆ دەدا، هەندێكیان خۆیان لەتوپەت كردبوو" ڕاگەیاندنو پەیوەندییەكانی مەرزی باشماخ وای وت.
بەهۆی ڕێكارەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتنە ناوەوەی كەسانی بیانی بۆناو هەرێمی كوردستان قەدەغەیەو هەركەسێكیش بێتە خاكی هەرێم دەبێت دوای پشكنینی پزیشكیی كەرەنتین بكرێت، بەڵام نەتوانراوە ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسەكە لەگەڵ ئەو دەروێشانەدا جێبەجێ بكرێن.
ئەو دەروێشانە بۆ بەشداریی لە پرسەو دەربڕینی هاوخەمی بۆ كۆچی دوایی شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی ڕوویان لە سلێمانی كردووە، شێخ محەمەد ڕابەری تەریقەتی قادریی لە كوردستانو جیهان، 4ی ئەم مانگە لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد.
ساتی تێپەڕینی دەروێشەكان لە مەرزی باشماخ