مەسرور بارزانی: لە 10 مانگی رابردوودا خزمەتگوزاری بانكیی پێنج هێندە گەشەی كردووە

03-09-2024 11:07

پەرەگراف

مەسرور بارزانی دەڵێت، پرۆژەی (هەژماری من) نمونەیەكە لە دەسپێكی گەڕانەوەی متمانە بە بانكەكان و سیستەمی بانكیی، لە 10 مانگی رابردوودا خزمەتگوزاری بانكیی پێنج هێندە گەشەی كردووە.

سەرۆکی حکومەت لە پێنجهەمین پێشانگاو کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هایتێکس لە هەولێر، لە وتارێکدا باسی ڕێکارەکانی حکومەتی کرد بۆ پێشخستنی کەرتی بانکی و بە دیجیتاڵکردنی دابەشکردنی مووچە.

"ئێستا سیستەمی بانكیمان لە جاران بەهێزترو كاراترە. لەماوەی 10 مانگی رابردوودا خزمەتگوزاری بانكیی لە كوردستان پێنج هێندە گەشەی كردووە" مەسرور بارزانی وای وت.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، چیتر هەزاران فەرمانبەری حكومەت پێویست ناكات بۆ وەرگرتنی موچەكانیان چەندین كاتژمێر سەرە بگرن و رێكارەكانی جوڵەی دراویش متمانەپێكراوترو خێراترەو دەتوانرێت لەرێگەی مۆبایلەوە ئەنجام بدرێت.

"تائێستا 200 ئامێری (ATM) لەسەرانسەری هەرێم دانراون و لەبەرنامەدایە 1000 ئامێر لەسەرتاسەری شارەكانی كوردستان دابنرێت. تائێستا زیاتر لە نیو ملیۆن كارمەندی كەرتی گشتیی كوردستانمان هێناوەتە ناو سیستەمی بانكییەوە. لەماوەی مانگێكدا زیاتر لە (120 هەزار) كارمەند بەشێوەی دیجیتاڵی موچە وەردەگرن، ئەم ژمارەیە مانگی داهاتوو بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس بەرزدەبێتەوە".