پەرەگراف
ڕێكخراوی CPT دەڵێت، تەنیا شەوی ڕابردوو سوپای توركیا "بە شێوەیەكی زنجیرەیی و لە ڕێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە، 24 جار بۆردومانی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەڵام هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی". وەزارەتی بەرگریی توركیاش دەڵێت "20 بنكە و بارەگا و كۆگای پەكەكەمان كردووەتە ئامانج".
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك، ناوی ئەو شوێنانەی لە هەرسێ پارێزگای دهۆك، هەولێر و سلێمانی بڵاو كردووەتەوە كە سوپای توركیا بۆردوومانی كردوون.
"دامێنی گرێ بەهار و پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی، چیای حەوت تەبەق و گوندەكانی كەفنە مژێ و سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارێ لە قەزای ئامێدی، چیای كتكین و خواكوڕك لە قەزای سیدەكان، چیای كۆخە و شاخی تاڵە لە سنوری قەزای چۆمان"، بەشێكی ئەو شوێنانەن كە بۆردوومان كراون.
هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردوومانی "دەورووبەری گوندی قەڵاتووكان لە سنووری قەزای پشدەر و هەواری ڕەوەندەكانی گوندی كوێرەكانی و چیای ئاسۆس لە سنووری قەزای ماوەت"ـیان كردووە.
وەزارەتی بەرگریی توركیا لەبارەی بۆردومانەكانەوە دەڵێت "لە چوارچێوەی مافی ڕەوای بەرگریكردن لەخۆ كە لە 51ـەمین ماددەی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، چەند ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی كرایە سەر ئامانجەكانی پەكەكە لە ناوچەكانی مەتینا، زاپ، گارا، خواكوڕك، قەندیل و ئاسۆس".
وەزارەتی بەرگریی توركیا دەشڵێت "لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەدا 20 ئامانج كە پێكهاتبوون لە ئەشكەوت، حەشارگە، پەناگە و كۆگا لەناوبران كە بەكارهێنراون و پێدەچێت بەرپرسی باڵایان لەناودا بووبێت".