پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی ڕاگەیاند و سبەینێ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت. مووچە بە سێ ڕۆژ دابەش دەكرێت و وەزارەتەكە دەشڵێت "مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی دابەش دەكرێت".
بەپێی ئەو لیستەی ڕاگەیەندراوە، ڕۆژی سێشەممە 3-9-2024 دابەشكردنی مووچە بە خانەنشینان دەست پێ دەكات و ڕۆژی پێنجشەممە 5-9-2024 بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كۆتایی دێت.
وەزارەتی دارایی دەڵێت "لە سەرجەم وەزارەتەكان، هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، ڕۆژی چواۆشەممە 4-9-2024، مووچەكانیان دەخرێتە سەر هەژمارەكانیان".
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "بە بڕیاری وەزیری دارایی، مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو و بە هاوتاكراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەكرێت".
ڕاگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی حەوت لە كاتێكدایە كە بایكۆتی فەرمانبەران دژی دواكەوتنی مووچە دەستی پێ كردووە، لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان ژمارەیەك فەرمانگە دەوامیان ڕاگرتووە، لە هەندێكیش دەوام كەم كراوەتەوە. فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیكەش داوا دەكەن بە زوویی مووچەی مانگی هەشتیشیان پێ بدرێت.
