سەرۆککۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارە کوردەکان لەسەر مووچەی هەرێم کۆبوونەوە

01-09-2024 08:45

پەرەگراف

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆبوونەوەی سەرۆککۆمار و وەزیرو پەرلەمانتارە کوردەکان لەسەر کێشەکانی مووچەی هەرێمی کوردستان کە ئەمشەو لە بەغداد ئەنجام درا، ڕایگەیاند "مووچەی مانگی حەوت چارەسەر دەبێت و ئیشەڵڵا چارەسەر بووە و لەم رۆژانە دەدرێت. بۆ مانگی هەشتیش هەوڵێک بدەین کە لە ماوەی کورتی داهاتوو بتوانین ئەویش چارەسەر بکەین".

کۆبوونەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو بە بەشداریی سەرجەم لایەنە کوردییەکان جگە لە نەوەی نوێ.

فوئاد حسێن کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ کاروباری ئابوری، کۆبوونەوەکەی بە "زۆر باش" وەسف کرد، وتی "کێشەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و مەسائیلەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خرانە بەرباس. بڕیاردرا، پەرلەمانتاران بە هەموو فراکسیۆنەکانەوە پێکەوە کاربکەن و پێکەوە پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی چارەسەری مووچەی مانگی حەوت و هەشت و نۆ تا کۆتایی ساڵ بکرێت و بتوانن روونکردنەوەی هەرێمی کوردستان بدەن. وەزیرەکان رۆڵی خۆیان هەبێت وەک پێشتریش هەیانبووە".

هەروەها وتی "ئەگەر کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر کران (کە چارە دەکرێن)، مووچە بەردەوام دەبێت وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە".

 فوئاد حسێن ڕەتیشی کردەوە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق گوتبێتی مووچەی مانگی حەوت بە قەرز دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان".

فەرمانبەرانی هەرێم دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووەو هێشتا دیارنییە کەی مووچەی مانگی 7 دابەش دەکرێت، ئەوەش بەهۆی نەناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە پاساوی هەبوونی کێشە لە لیستی مووچەدا، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەوە ڕەت دەکاتەوەو دەڵێت: نەناردنی مووچە "سیاسییە" نەک کێشەی تەکنیکی و لیستی مووچە.

دابەش نەکردنی مووچە ناڕەزایی لێ کەوتووەتەوەو ئەمڕۆ ژمارەیەک فەرمانگە لە سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بایکۆتیان ڕاگەیاند، هەریەکە لە؛ بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای، دادنووسی دووی سلێمانی و چەند فەرمانگەیەکی دیکە ئامادەنەبوون کاروبارەکانی هاوڵاتییان ڕایی بکەن.