پەرەگراف
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق وردەكاریی بڕینی سەدان ملیار دیناری مووچەی (وەهمی و بندیوار و دوو مووچە)ـەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە ئاشكرا دەكات.
بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی كە سۆران عومەر خستوویەتیە ڕوو، لە چوارچێوەی وردبینییەكانی دیوانی چاودێریی عێراق لە لیستەكانی مووچەی هەرێمی كوردستاندا، لە لیستەكانی مووچەی چوار مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 352 ملیار دینار بڕدراوە.
سۆران عومەر بۆ پەرەگراف دەڵێت "بڕینی ئەو مووچانە بە دوو هۆكار بووە، یەكەم: دووبارەی ژمارەی وەزیفی و دوو مووچە. دووەم: نەبوونی ژمارەی وەزیفی (كە ناوی وەهمی، بندیوار و شتی تریش دەگرێتەوە)".
ئەو داتا و زانیارییانەی كە ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردوونەتەوە، تایبەتن بە مانگەكانی "ئازار، ئایار، حوزەیران و تەمووز"ـی ئەمساڵ.
بۆ مانگی ئازار 28 ملیار و 871 ملیۆن دینار، مانگی ئایار 151 ملیار و 557 ملیۆن دینار، حوزەیران 103 ملیار و 887 ملیۆن دینار، هەروەها بۆ مانگی تەمووز 68 ملیار و 16 ملیۆن دینار لە لیستی مووچەی هەرێم بڕدراوە.
وردەكاریی بڕینی مووچەكانی هەرێم:
لێبڕینەكانی مووچەی مانگی تەمووز
بە كۆی گشتی 68 ملیار و 16 ملیۆن دینار بڕدراوە:
بڕی سێ ملیار و 150 ملیۆن دینار دووبارەی ژمارەی وەزیفی.
بڕی 57 ملیار و 746 ملیۆن دینار كە ژمارەی وەزیفی بوونی نییە.
بڕی 456 ملیۆن دینار ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا.
لێبڕینەكانی مووچەی مانگی حوزەیران
بە كۆی گشتی 103 ملیار و 887 ملیۆن دینار بڕدراوە:
بڕی دوو ملیار و 708 ملیۆن دینار دووبارەی ژمارەی وەزیفی.
بڕی 88 ملیار و 519 ملیۆن دینار كە ژمارەی وەزیفی بوونی نییە.
بڕی دوو ملیار و 729 ملیۆن دینار ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا.
لێبڕینەكانی مووچەی مانگی ئایار
بە كۆی گشتی 151 ملیار و 557 ملیۆن دینار بڕدراوە:
بڕی یەك ملیار و 866 ملیۆن دینار دووبارەی ژمارەی وەزیفی.
بڕی 136 ملیار و 987 ملیۆن دینار كە ژمارەی وەزیفی بوونی نییە.
بڕی یەك ملیار و 413 ملیۆن دینار ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا.
لێبڕینەكانی مووچەی مانگی ئازار
بە كۆی گشتی 28 ملیار و 871 ملیۆن دینار بڕدراوە:
بڕی سێ ملیار و 352 ملیۆن دینار دووبارەی ژمارەی وەزیفی:
بڕی 18 ملیار و 284 ملیۆن دینار كە ژمارەی وەزیفی بوونی نییە.
بڕی 385 ملیۆن دینار ناوی دووبارە لە لیستی موچەدا.