پەرەگراف
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان تۆماركردنی "دوو حاڵەت"ـی تووشبوون بە كۆلێرای ڕاگەیاند، هۆشدارییش دەداتە هاووڵاتیان لەبارەی مەترسییەكانی نەخۆشییەكە و داوا دەكات "ڕێكارەكانی خۆپارێزی بە باشی جێبەجێ بكەن".
بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت "حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆلێرا، یەكێكیان لە قەزای كەلار و ئەوەی دیكەیان لە قەزای كفری تۆمار كراوە".
تەندروستیی گەرمیان هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە "ڕێكارەكانی خۆپارێزیی بەباشیی جێبەجێ بكەن، لەوانە: ڕاگرتنی پاكوخاوێنیی كەسیی، دڵنیابوونەوە لە پاكیی سەرچاوەی ئاو، ئاگاداربوون لە خواردنی سەوزە و میوە و باش شۆردنەوەیان پێش خواردنیان، خۆدوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانەپۆشراو".
هەروەها داوا دەكات "لە كاتی بوونی حاڵەتی سكچوونی توند، سەردانی نەخۆشخانە بكەن".
ڕۆژی 24-8-2024، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "هەشت حاڵەتی تووشبوون بە كۆلێرا لە سلێمانی پشتڕاست كراوەتەوە". دكتۆر سامان بەرزنجی وتیشی "تیمی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی فەرمانگەی ئاو، هەموو ڕۆژێك دەردەچن و نموونەی ئاو لە هەموو شوێنێك وەردەگرن بۆ پشكنین".
دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، سەبارەت بە هۆكارەكانی تووشبوون بە كۆلێرا وتی "ئاوی هەندێك لە شەمعەكان و سەوزەی پیس كە بە ئاوی زێراب ئاو دەدرێن، هۆكارن".
ڕۆژی 22-08-2024، دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، ڕایگەیاند "تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە بەتایبەت لەناو شاری سلێمانی، زۆر زیادی كردووە".
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، تكای لە هاووڵاتییان كرد كە "ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن". وتیشی "پشكنینمان كردووە و دەركەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕ و ماركێتەكان هەیە، زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاو نین".
د. سەباح هەورامی داوا لە هاووڵاتییانیش دەكات "بە هیچ جۆرێك ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەكار نەهێنن كە لەلایەن قائیمقامییەتەوە ڕێگایان پێ نەدراوە".
هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی هۆشداریی دایە هاووڵاتیان كە "نەخۆشیی كۆلێرا ترسناكە، بە تایبەتی لە كەسانی بەتەمەن و منداڵدا دەبێتە هۆی وەستانی گورچیلە لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا". جەختیش دەكاتەوە كە بۆ خۆپارێزی، دەبێت پابەندی ڕێنماییەكان بن.