پەرلەمانتارێك پێنج كێشەی لیستی مووچەی هێزە چەكدارەكانى هەرێم ئاشكرا دەكات

31-08-2024 09:44

پەرەگراف

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق پێنج کێشەى لیستى مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێم ئاشکرا دەکات، کە بەشێکن لە هۆکارەکانى دواکەوتنى مووچەى ئەو هێزانە و نەناردنى مووچەکانیان لە دوومانگى ڕابردوودا لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "لەمیانی بەدواداچوونم بۆ ئەنجامی وردبینییەكان و كێشەی لیستەكانی مووچە و هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارە، دەركەوت كە 23790 كەس لە وەزارەتی پێشمەرگە زیادە".

سۆران عومەر ژمارەك كێشەی دیكە لە لیستی مووچەدا دەخاتە ڕوو، لەوانە بوونی 5123 خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، 27232 خانەنشین و كەمئەندام لە یەكەی 70، 135 خانەنشین لە یەكەی 80، 7202 خانەنشین لە وەزارەتی ناوخۆ.

دەبێت هەموو ئەو خانەنشینانەی هێزە چەكدارەكانی هەرێم (پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان)، دوای وردبینی، بخرێنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی و نابێت لە وەزارەت و یەكەكان مووچە وەربگرن.

هەروەها سۆران عومەر دەڵێت "205 فەریق و لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە هەن كە 63ـیان بێ ئیش و پایەن و پۆستیان نییە".

بەشێكی دیكە لە كێشەكان لەناو لیستی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان وەكوو ئەو پەرلەمانتارە خستوویەتیە ڕوو، بوونی "2232 كەس جیاوازی لە لیستی خانەنشینان"، هەروەها بوونی "28156" كەس لە یەکەکانى 70 و 80ـى پێشمەرگە كە بایۆمەترییان نەكردووە.

بەهۆی ئەو كێشانەی لە لیستەكانی مووچەدا هەن، تا ئێستا مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشتی هێزە چەكدارەكان و فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێم دابەش نەكراوە.