مووچەی خانەنشینانى هەرێم هاوتای عێراق دەكرێت

31-08-2024 12:06

پەرەگراف

وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "بە فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم گەنجینەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە لیستی مووچە بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 ئامادە بكەن"، كە یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراقە. بەمەش مووچەى خانەنشینانى هەرێم هاوتاى عێراق دەکرێت.

سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان بۆ پەرەگراف دەشڵێت "ئەوە ئاوات و داواكاریی ئێمەیە، بڕیارە لیستی مووچەی مانگی حەوت بە هاوتاكراوی ئامادە و دابەش بكرێت".

سادق عوسمان ئاماژەی بەوە كرد كە "هەرچەندە ئەم ئاگادركردنەوەیە لە ڕێگەی واتسئەپەوە بە گەنجینەكان گەیشتووە و هێشتا بە كیتابی ڕەسمی پێیان نەگەیشتووە، بەڵام فەرمییە و هی وەزارەتی دارایی هەرێمە".

چەند ساڵێكە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان داوای هاوتاكردنی مووچەكانیان لەگەڵ هاوئاستەكانیان لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكەن كە مووچەی ئەوان زیاترە، پاش ئەوەى حکومەتى هەرێم داواکارییەکەیانى جێبەجێ نەکرد، بۆ ئەو مەبەستە لە دادگای فیدراڵی سكاڵایان تۆمار كرد.

دواتر بڕیاری دادگا لە بەرژەوەندیی خانەنشینان دەرچوو و حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو كە لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ‌ دەكرێت، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەكە نەبووە.

ڕۆژی 27-6-2024، یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان دوایین هۆشداریی دایە حكومەتی هەرێم كە "تا ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی تەمووز" بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان بە هاوئاستەكانیان لە عێراق جێبەجێ‌ بكات، بە پێچەوانەوە لە دادگای تایبەتمەند سكاڵا تۆمار دەكەن.

پاش یەك هەفتە لەو هۆشدارییە و لە 3-7-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا بە "هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوەڵەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ". وەزارەتی دارایی و دیوان و سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێكارەكانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.