میدیای توركیا: ئەو فەرماندەی عێراقییەی وتی 'درۆنی توركیامان خستە خوارەوە' دەستگیر كرا

31-08-2024 10:20
عەبدولسەلام حەموودی، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەی باكووری عێراق

پەرەگراف

میدیای توركیا بڵاوی كردەوە، ئەو فەرماندە سەربازییە عێراقییەی كە وتی "درۆنەكەی توركیا سنووری بەزاندبوو و خستمانە خوارەوە"، لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە بانگكراوە بۆ بەغدا و دەستگیر كراوە. هەروەها دۆسیەکە بە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران و بە تایبەت قەیس خەزعەلییەوە دەبەستێتەوە.

ڕۆژنامەی (یەنی شەفەق) كە میدیایەكی دیاری نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیایە، لە هەواڵێکدا بە مانشێتی"بەغدا ئەوەی پێویست بوو كردی، ئەو فەرماندەیەی دەستگیر كرد"، دەڵێت "عەبدولسەلام حەموودی، ئەو فەرماندە سەربازییەی كە لە دوای كەوتنەخوارەوەی درۆنەكەی توركیا لە كەركووك وتی: درۆنەكەی توركیا ئاسمانی عێراقی بەزاندووە و خستمانە خوارەوە، دوای ئەوەی بە فەرمانی سوودانی بانگهێشتی بەغدا كراوە، لەوێ‌ دەستگیر كراوە".

ڕۆژنامەكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە "ئەو فەرماندە سەربازییە براوەتە بەردەم دادگا و لەوێ‌ دەستگیر كراوە".

ئەو میدیای نزیك لە پاتەكەی ئەردۆغان، دۆسیەی خستنەخوارەوەی درۆنەكە بە ڕێگای گەشەپێدانیشەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت "بەم جۆرە سوودانی ڕێگریی كرد لەوەی كە كاری تێكدەرانە ببێتە لەمپەر لەبەردەم هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان توركیا و عێراق لەسەر پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگای گەشەپێدان".

یەنی شەفەق ئاماژەی بەوە كردووە كە سوودانی فەرمانی بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كردووە و دەشڵێت "لێكۆڵینەوە لە چۆنێتیی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە، لەلایەن هەردوو وڵاتی توركیا و عێراقەوە دەستی پێ‌ كردووە".

لە ڕاپۆرتەكەدا عەمید عەبدولسەلام حەموودی، كە جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەی باكووری عێراقە، بە كەسێكی سەر بە گرووپەكەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ‏ئەهلی حەق ناو براوە.

یەنی شەفەق دەڵێت "لە ساڵی 2005 دوای ئەوەی میلیشیا شیعەكان چوونە ناو سوپای عێراقەوە، حەموودی كە سەر بە خەزعەلییە، چووەتە ناو سوپاوە".

"گرووپەكەی خەزعەلی دژی توركیایە و نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی توركیا و عێراق بۆ سەر پەكەكە. بەردەوام ڕەخنە لە ئۆپەراسیۆنی توركیا دژی پەكەكە دەگرێت"، ڕۆژنامەكەی نزیك لە ئاكپارتی وا دەڵێت.

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە ئەو درۆنە "لە ناوچەی چیمەن نزیك كەركووك، سەرقاڵی چاودێریی ئامانجەكانی پەكەكە بووە بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری".

بەیانیی 29-8-2024، دیمەنی كەوتنەخوارەوەی تەنێك بە ئاگرەوە لە ئاسمانی كەركووك بەدی كرا، دواتر دەركەوت كە درۆنێكی توركییە. پاشماوەی درۆنەكە لە گەڕەكی تیسعینی كەركووك كەوتە خوارەوە و زیانی مادیی بە ماڵێك گەیاند و كەسێكیش بریندار بوو.

كەمێك دوای ڕووداوەكە، عەمید ڕوكن عەبدولسەلام حەموودی، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەی باكووری عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە، ڕایگەیاند "تیمەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق درۆنێكی توركییان خستە خوارەوە كە لە سنووری سلێمانییەوە هاتبوو و لە ئاسمانی ناحیەی چیمەنەوە كایەی ئاسمانیی كەركووكی بەزاندبوو".

ئەو بەرپرسەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە "درۆنەكە بە چەك و هەوڵی عێراق و لەژێر ڕێنماییەكانی فەرماندەی هێزەكانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق خراوەتە خوارەوە".

سوپای عێراق و بە تایبەت فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی و تەنانەت حكومەت و هیچ لایەنێكی فەرمیی دیكەی عێراقیش، ئامادە نەبوون بڵێن كە ئەو درۆنەی خراوەتە خوارەوە هی توركیایە و كایەی ئاسمانیی عێراقی بەزاندووە.