حەوت سەربازی ئەمەریکی لە عێراق برینداربوون؛ 15 داعش کوژران

31-08-2024 07:23

 

پەرەگراف

حەوت سەربازی ئەمەریکی لە ئۆپەراسیۆنێکی دژی داعش لە عێراق برینداربوون کە تێیدا 15 چەکداری داعش کوژران.

ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژی پێنج شەممە 29ی ئاب لە ڕۆژئاوای عێراق ئەنجامدراوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چەکدارە کوژراوەکانی داعش بۆمب و چەک و پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێبووە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە سەرکردەکانی داعشی کردووەتە ئامانج کە پلانیان داناوە بۆ هێرشکردنەسەر هاوڵاتییانی عێراقی ئەمەریکی و هاوپەیمانان، ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاند، پێنج سەربازی ئەمەریکی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا برینداربوون و دوو سەربازی دیکەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەوە بریندار بوون.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، بریندارەکان دۆخی تەندروستییان جێگیرەو یەکێکیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر براوەتە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.