ئەمڕۆ سێ‌ كەس ‏لە هەرێمی كوردستان خنكاون

30-08-2024 06:56

پەرەگراف

تەنیا ئەمڕۆ سێ‌ كەس لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان خنكاون. مێرمنداڵێك لە ‏ڕووباری كاولۆكان و نەجەوانێك لە ڕووباری خابوور و گەنجێك لە زێی گەورەدا. بەرگریی ‏شارستانی جارێكی دیكە داوا لە هاووڵاتیان دەكات كە "پابەندی ڕینماییەكان بن و خۆیان ‏بەدوور بگرن لەو شوێنانەی مەترسیی خنكانی لێ‌ دەكرێت".‏

ڕووداوی یەكەم، كاتژمێر 1:30 خولەكی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زێی گەورە و لە نزیك گوندی ‏وسومەلیان ڕووی داوە. تێیدا كەسێك بەناوی (ئەمیر نەجمەدین)ـی تەمەن 26 ساڵ و ‏دانیشتووی هەولێر، خنكاوە.‏

بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئەو كەسە لە كاتی مەلەكردندا خنكاوە دوای كەمتر لە ‏سێ كاتژمێر لەلایەن تیمی ژێرئاوی خەباتەوە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە. بەرگریی شارستانیی ‏هەرێمی كوردستان دەڵێت "ئەو گەنجە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە".‏

حاڵەتی دووەمی خنكان لە كاتژمێر 3:30 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕووباری خابووردا ‏ڕووی داوە. بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێت "نەوجەوانێكی تەمەن 17 ساڵی دانیشتووی ‏زاخۆ لە (گوندێ پیرەكا) خنكاوە و تەرمەكەی لەلایەن تیمەكانی ژێرئاوی بەرگریی ‏شارستانیی‎ ‎زاخۆوە دەرهێنرا".‏

حاڵەتی سێیەمی خنكان كاتژمێر 5:30 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای ڕواندز ‏لە ڕووباری كاولۆكان ڕووی داوە.‏

بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت "مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵ بە ناوی (ڕاوێژ ڕەسووڵ ‏حەمەدئەمین) خەڵكی گوندی دەرگەڵە و دانیشتووی ناحیەی دیانا، لە كاتی مەلەكردندا ‏خنكاوە".‏

بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت "ئەمە 14یەمین حاڵەتی خنكانە لەمساڵدا لە سنووری ‏ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".‏