پارتی: جیاوازیەکانمان نابێت لەسەر حیسابی قەوارەی هەرێم و ماف و بژێویی ژیانی خەڵک بشکێتەوە

29-08-2024 06:55

پەرەگراف

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆبووەوەو دەڵێت: هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی لەپێشەو لە هەموو کات پێویستترە لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دەستکەوت و مافەکانی گەلەکەمان یەک هەڵوێست و تەبابین.

"کەلێن دروستنەکرێت کە لێیەوە ناحەزان و دژ بە مافەکانمان سوود وەرگرن و زیان بە هەرێمی کوردستان بگات. جیاوازیەکانمان نابێ لەسەر حیسابی قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتە دەستووریەکانی و ماف و بژێوی ژیانی خەڵکی هەرێم بشکێتەوە، گەل و نیشتمان لە پێشتر و پیرۆزترن لە جیاوازیەکانمان" ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە وادەڵێت.

هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم دووپات دەکاتەوە، "پشتیوانی هەنگاوەکانیان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان".

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی فراوانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٩/٨/٢٠٢٤ ، كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر بیروڕا ئاڵۆگۆڕكرا‌ لە سەر کۆمەڵێک بابەتە هەنوكەیی و گرنگ، هەروەها بڕیاری پێویست وەرگیرا بۆ ئەو بابه‌تانەی کە پێویست بوون و، ئەم تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا:

یەكەم: تەوەری سیاسی و پەیوەندییەکانی پارتیمان:

بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی خرایە بەرباس، ڕووداوە گرنگە کاریگەرەکان لەسەر بوارە جیاجیاکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری ناوچەکە، وەکو توخمێکی گۆڕانکاری، تێکچوونی هاوکێشەکان یاخود دروستبوونی هاوپەیمان نوێیان لێدەکەوێتەوە، عێراقیش وەکو بەشێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی خەڵکەکەی هەیە و، پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکانیش نیگەرانی زۆری دروستکردووە. پارتیمان بە بڕوابەخۆبوونەوە لەو نێوەندە دا، زۆر بە وریایی و وردبینی هەنگاو دەنێ بۆ پاراستنی بەژوەوەندییە باڵاکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەم ڕوانگەیەوە تەواوی پەیوەندییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی لە خزمەتی ڕەواندنەوەی مەترسیەکان و هەوڵدانە بۆ دابینکردنی ئاسایش و دوورخستنەوەی دەرهاویشتە خراپەکانی ئەو ئاڵۆزیانەیە لە هەرێمی کوردستان.

دووەم: تەوەری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ:

کێشە و گرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کە دەبوایە بەگوێرەی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکان چارەسەرکرابان، لە سەرویانەوە بابەتی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستان، کە چەندین ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن و لە ئاکامی بەردەوامی چارەسەرنەکردن و لانەدانی ئاستەنگەکان، خەڵکی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی تووشی نیگەرانی بوون و زیانیان پێگەیشتووە. کۆبوونەوە جەخت لە جێبەجێ کردنی دەستوور و رێککەوتنەکان دەکاتەوە و، هانی حکومەتی فیدراڵی دەدات بۆ بەخەمەوە بوونی ئەم بابەتە و چیتر ئەم بابەتە دوانەخرێت و، وەکو ئەوەی کە بریاری لەبارەوە دراوە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا ڕەوان بکرێت.

سێیەم: تەوەری پەیوەندییە ناوخۆییەکان:

كۆبوونه‌وه‌، ئارامی وەکو چەمکێکی پڕواتا و پێویستییەک بەتایبەت بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان دەزانێت، ئارامی و یەکترقبووڵکردن بە هەبوونی جیاوازیەکانیشەوە چ لە ڕووی نەتەوەیی یان ئاینیی و ئاینزایی یاخود سیاسی، هۆکارن بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتن و دابینکردنی ژیانێکی خۆش و شایستە و،  تەبایی دروستدەکات و، پێکڕا و پێکەوە بەرەو ئاوەدانی هەنگاو دەنرێ، لەم کەش و هەوایەشدا خۆڕاگری لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان و پیلانی ناحەزان بەهێزتر دەبێت، بۆیە کە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی لەپێشە لە هەموو کات پێویستترە لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دەستکەوت و مافەکانی گەلەکەمان و، پاراستنی دامودەزگا شەرعیەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان یەک هەڵوێست و تەبابین، کەلێن دروستنەکرێت کە لێیەوە ناحەزان و دژ بە مافەکانمان سوود وەرگرن و زیان بە هەرێمی کوردستان بگات. جیاوازیەکانمان نابێ لەسەر حیسابی قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتە دەستووریەکانی و ماف و بژێوی ژیانی خەڵکی هەرێم بشکێتەوە، گەل و نیشتمان لە پێشتر و پیرۆزترن لە جیاوازیەکانمان.

چوارەم: تەوەری دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم:

بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی، هەروەها لە ڕوانگەی ئەوەی کە ئەم دامەزراوانە لە ئاکامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و، بەرگری و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی شەهیدان و پشتیوانی جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان بەدی هاتوون، هەروەها ئەم دامەزراوانە وەکو میکانیزمی هێشتنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانن بە یەک پارچەیی، کۆبوونەوە پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم دووپات دەکاتەوە و، پشتیوانی هەنگاوەکانیان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

پێنجەم: تەوەری هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان:

ئاماژە بە بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی بۆ جێبەجێ کردنی پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان، هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی هەیکەلی ڕێکخستنی پارتیمان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و بەشێکی کەرکوک و گەرمیان ئەنجامدرا، هەڵبژاردنەکانی ئەو ئۆرگانانە بە سەرکەوتوویی کۆتاییان هات، تەواوی کادیرانی بەشدار لەم پڕۆسەیەدا کوڕ و کچی پارتی و ڕێبازی بارزانین، هەموو ئەرک و مافێکیان لەبەرچاو دەبێت. لە لایەکی دیکەوە کۆبوونەوە جەختی لە بەپیرەوەچوونی داواکاری و پێشنیارەکان کردەوە، هەروەها کۆبوونەوە دەستخۆشی ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەند و کادیرانی بەشداربووی بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسە گرنگە کرد.

شەشەم: تەوەری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

دوابەدوای ئەو ئاستەنگە زۆرانەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دروستکران، کە لە ئاکامدا پرۆسەکە ڕوبەڕوی گرفت و کێشەی زۆر بۆوە و، هەوڵێشدرا پرۆسەکە بە ئاراستەیەکدا بچێت کە بە سوودی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پێکهاتەکان بە تایبەتی نەبێت، لە کۆتاییدا بە هەوڵ و کۆششی زۆر، بەشێک لە لادان و بی بەشکردنەکان چارەسەرکران و بڕیارە لە ٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٤ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، کۆبوونەوە جەختی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد کردەوە و، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردن و، هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی کارا کە لە ئاست چاوەڕوانی و خواستی خەڵکی کوردستان بێت، بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

حەوتەم: گفتوگۆی هەڤاڵانی بەشداربووی کۆبوونەوە:

هەڤاڵانی بەشداربوو لە کۆبوونەوە، بیروڕایان لە بارەی کار و ئەرکە ئەنجامدراوەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەنگاوەکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن و ڕێکارە پێویستەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەربڕی و پێشنیاری باش و گونجاو و بەوسودیان بۆ داهاتوو خستە ڕوو.