سوپای عێراق درۆنێکی تورکیای لە ئاسمانی کەرکوک خستە خوارەوە

29-08-2024 10:02

پەرەگراف

سوپای عێراق فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیای لە ئاسمانی شاری کەرکوک خستە خوارەوە.

پارچەكانی درۆنەکە بە توركی و ئینگلیزی لەسەر نوسراوە "پێویستە شەش مەتر لە دەوروبەری دوربیت، چونكە مەوادی تیشكدەرەوەی هەڵگرتووە و مەترسیدارە".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک ڕایگەیاند: "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراومان لە باکوری شاری کەرکوک خستە خوارەوه، لەبەرئەوەی ڕەزامەندی فڕینی نەبووە".

خەڵکی کەرکوک دیمەنی تەنێکیان بینی کە لە ئاسمان گڕی گرت و کەوتەخوارەوەو بەهۆیەوە کرێکارێک برینداربووە، فڕۆکەکە قەبارەی گەورەیەو لە گەڕەکی تسعین کەوتووەتە خوارەوە و لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگرەکەی کوژێنراوەتەوە، خەڵکی ناوچەکە گوێیان لە دەنگی گەورە بووە لەکاتی کەوتنە خوارەوەیدا.