قوباد تاڵەبانی: هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسسازە بۆ یەكێتی و داهاتووی حكومڕانی

28-08-2024 04:30

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی كوردستان بە چارەنووسساز وەسف دەکات بۆ یەكێتی و بۆ داهاتووی حكومڕانی لە هەرێم.

ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ئەندامانی مەڵبەندی راپەڕینی حیزبەکەی کە تێیدا باسی دۆخی سیاسی و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن كراوە.

هەر دەربارەی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە "لەم هەڵبژادنەدا لیستی دەنگدەران پاككراوەتەوە و هیچ لایەنێك ناتوانێت بەناوی مردووانەوە ساختەكاری بكات، هەربۆیە چاوەڕێین هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد بەڕێوەبچێت و چاومان لە سەركەوتنێكی گەورەیە".

"لەم چەند ساڵەی دواییدا یەكێتی بە سەركردایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و بە هاوكاریی هەموو سەركردایەتی و كادرانی یەكێتی سەلماندوویەتی كە تەنها هێزێكە كە لە توانایدایە ئەو گۆڕانكارییە دروستبكات كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوایدەكەن" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

وتیشی "بەشێكی بەرچاوی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بەو قەناعەتە گەیشتوون كە یەكێتی توانی هاوسەنگیی هێز دروستبكاتەوە و بڕیاریداوە رێڕەوی حكومڕانی راستبكاتەوە".

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت "ئێستا جەماوەر و دۆست و تەنانەت نەیارانی یەكێتیش چاویان لەوەیە ئەو سەركەوتنانەی یەكێتی لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە تۆماری كردووە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش لە ئاستێكی گەورەتردا دووبارەی بكاتەوە".