پەرەگراف
لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێم، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "قسەم لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە و ئەو وتی: ئەمڕۆ فەرمان دەكەم بە خەرجكردنی مووچەی مانگی حەوت و هەفتەی داهاتووش مانگی هەشت".
دەربارەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەیش، شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایدەگەیەنێت "لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان قسەم كردووە كە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو فراكسیۆنە كوردستانییەكان و وەزیرەكانی خۆمان لەگەڵ سەرۆككۆمار كۆببینەوە، بۆ ئەوەی ئیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵی ڕۆژ و نەبێت بە دەستكەوت بۆ لایەنێك".
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ 28-08-2024 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بڕێكی زۆری ئەو پارەیەی مووچە كە لە هەرێمی كوردستان بڕدراوە، بەهۆی مووچەی ئەو مامۆستایانەی پەروەردەی كەركووك و ئەو فەرمانبەرانە بووە كە سەر بە هەرێمی كوردستانن، پێیان وابوو كە ئەمانە لە هەردوو حكومەت مووچەیان هەیە".
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش كرد، "بیانوو"یەكی دیكە ئەوە بووە كە هەندێك كەس لە هەرێمی كوردستان مووچەی هەبووە و لە عێراقیش هاوكاریی چاودێریی كۆمەڵایەتی وەردەگرن. وتیشی "ئەو كەسانە دەبێت هاوكاریی چاودێریی كۆمەڵایەتییەكەیان ببڕدرێت، نەك مووچەكەیان".
سەبارەت بە كێشەی بایۆمەتریش، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی "ئەوەی بایۆمەتری نەكردووە، نابێت مووچەکەی ببڕدرێت، چونكە مانای ئەوە نییە كەسەكە بوونی نییە. لە شەش مانگی ڕابردوویشدا نزیكەی 500 هەزار فەرمانبەری هەرێم بایۆمەترییان كردووە و پرۆسەكەش بەردەوامە".