چۆن بەغداد لەبری مووچەی مانگی حەوت، مانگی هەشتی ناردووە؟

27-08-2024 07:20

پەرەگراف

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت "بە بەڵگە" دەیسەلمێنێت کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە و ئەوەی بەرانبەری دەکرێت سیاسییە".

ئەمڕۆ 2024/8/27 وەزارەتی دارایی عێراق بڕى (549) مليار و (572) مليۆن ديناری خستە سەر حسابی  وەزارەتى دارايى و ئابوورى هەرێم، کە تايبەته به مووچه ى مانگى 8 و هێشتا مووچەی مانگی 7ی نەناردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی هەرێم چاوەڕێی تەمویلی تەواوی مووچەخۆران بوو بۆ مانگی 7.

وەک ڕێباز حەملان دەیخاتەڕوو، ئەمڕۆ پرسیاریان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە کە وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی مووچەی مانگی ئاب (8)ـی ڕەوانەی بەغداد نەکردووە، چۆن مووچەی مانگی (8)یان نارد؟ وەڵامی بەغدا ئەوە بووەکە "لەسەر لیستی مانگی 7، مووچەی مانگی 8 مان بۆ ناردوون".

ڕێباز حەملان دەڵێت "ئەمە باشترین بەڵگەیە کە بەغداد ئەمەی بەرامبەر هەرێم دەیکات، تەواو سیاسییە و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێڕی و یاسایی نییە".

"لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینییان لەسەر لیستی مووچەی مانگی 7 هەبوو، ئەی چۆن لەسەر هەمان لیست مووچەی مانگی 8یان نارد؟"، ڕێباز حەملان وا دەڵێت.

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایشیدەگەیەنێت "سبەی 8/28 وەفدێکی هونەری و مالی لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بودجە و چاودێریی دارایی هەرێم، بۆ بابەتی مووچەی مانگی 7 دەچنە بەغداد بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".