کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پەرەگراف: بە هیچ شێوەیەک کەس نازانێت دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە

27-08-2024 01:48

پەرەگراف

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەنگدەران دڵنیا دەکاتەوە کە ئازادن لەوەی دەنگ بە چ لایەنێک دەدەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەنگدانەکەیان نهێنییە.

جومانە غەلای بە پەرەگرافی وت "بە هیچ شێوەیەک هیچ کەس و حیزبێک نازانێت دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە".

وتەبێژەکەی کۆمسیۆن جەخت دەکاتەوە هەر لایەنێک ئەو بانگەشەیە بکات "ناڕاستە"، کارتی دەنگدان ناوی لەسەر نییەو دەستوری عێراق ئازادیی بەشداریی هەڵبژاردن و نهێنیی دەنگدانی پاراستووە.

وتەبێژەکەی کۆمسیۆن ئەوەش دەخاتەڕوو، فۆرمی دەنگدان ناوی دەنگدەری لەسەر نییەو  ئامێری هەژمارکردنی دەنگەکان تەنها ئەو ژمارەیە تۆمار دەکات کە دەنگدەر هەڵیدەبژێرێت لەسەر فۆرمەکەو دەنگی پێدەدات.

ڕۆژی 20-10-2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژەکە کردووەو ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکەو ئامادەکارییەکان بەردەوامن.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.