پەرەگراف
ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان وادەی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتیی دیاری کرد، لە سبەینێشەوە دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆژی 5-9-2024 هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری جڤاتی گشتی بەڕێوە دەچێت.
دوو ڕۆژ دواتریش لە 7-9-2024، هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بەڕێوە دەچێت.
ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان دەڵێت "لەو چوارچێوەیەدا، وادەی خۆ کاندیدکردن بۆ هەردوو پڕۆسەکە، لە سبەینێ سێشەممە 27ـی ئاب، دەست پێ دەکات و تا ڕۆژی دووشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024 دەخایەنێت. جێبەجێکردنی قۆناغەکانی هەردوو پڕۆسەکەش بە ڕێنمایی تایبەت ڕێک دەخرێت".
هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی خۆڕێکخستنەوەی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕانەو لەکاتێکدایە دوو مانگی دیکە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، گۆڕان چاوی لەوەیە گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر گێڕانەوەی متمانەی بەشێک لە دەنگدەرەکانی.
لە دواین هەڵبژاردن کە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجامدرا گۆڕان بە شکستێکی گەورە لێی هاتەدەرەوەو لە سەدا سەدی هەر 5 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراقی لە دەستداو بە هەر حەوت كاندیدەكەی كە لە هەولێرو سلێمانیو كەركوك هەیبوو، تەنها 18 هەزارو 358 دەنگیان بەدەست هێناو هیچیان دەرنەچوون.
لەدوای ئەو هەڵبژاردنەش ناکۆکییەکی نوێ لەناو گۆڕان و لە نێوان ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی و کوڕانی نەوشیروان مستەفا سەریهەڵداو سەرجەم هەوڵەکانی بزووتنەوەکە بۆ گەڕاندنەوەی ناڕازییەکان شکستیان هێناو نەیتوانی ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە بەرۆکی گۆڕانیان گرتووەو لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە بوون بەهۆی جیابوونەوەی چەندین کەسایەتی و گروپ.
سەرچاوە ئاگادارەکان کە پێشتر بۆ پەرەگراف قسەیانکرد، شکستی سەرجەم هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ناڕازییەکان و بەرپرسانی پێشووی گۆڕان بۆ دوو پرسی سەرەکی دەگەڕێننەوە؛ یەکەمیان پەیوەندیی بە کوڕانی نەوشیروان مستەفاوە هەیە هەر لە ڕۆڵ و پێگەی سیاسی و خاوەن بڕیارییان و پەیوەندی ماڵیی و داراییان لەگەڵ بزووتنەوەکە بەتایبەت خاوەنداریی گردی زەرگەتەو کۆمپانیای وشە، دووەمیان پەیوەندیی بە هەڵوێستی سیاسی گۆڕانەوە هەیە بە کشانەوەی لە حکومەت و بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆنێکی جددی و کاریگەر، بۆ هیچ کام لەم دوو پرسە هەنگاو نەنراوە تا ناڕازییەکان ڕازی بکات بۆ گەڕانەوەیان.
لەبارەی خاوەندارێتی گردی زەرگەتە کە بە ناوی کوڕانی نەوشیروان مستەفاوەیەو زیاتر لە ١٢٢ دۆنمە، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف کوڕانی نەوشیروان مستەفا پێیانوانییە پرسی خاوەندارێتی گردەکە بەشێک بێت لە کێشەکانی گۆڕان و هۆکاری شکستی لە هەڵبژاردن، بۆیە ئەوان ئامادەنین وەک پرسێکی جددی گفتوگۆی یەکلاکەرەوەی لەسەر بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە بەڵام لای ناڕازییەکان و ئەوانەی لە گۆڕان دوورکەوتوونەتەوە، ئەو پرسە بە ڕادەیەک بە هۆکاری کێشەکان و شکستی گۆڕان دەزانن کە لە ڕابردوودا بەشێکیان پێشنیاری ئەوەیان کردووە ئەگەر خاوەندارێتی گردەکە بە قازانجی گۆڕان و بەرژەوەندیی گشتی یەکلانەبێتەوە، با گۆڕان لە گردەکە بچێتەدەرەوەو بارەگاکانی بگوازێتەوە بۆ شوێنی دیکە.
لەسەر پرسی کشانەوەش لە حکومەت و بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن، گۆڕان کە لەسەرەتاوە بە مەرجی چاکسازیی بەشداریی لە کابینەکەی مەسرور بارزانی کردو وتی ئەگەر پڕۆژەو بەرنامەکانی لە حکومەتدا جێبەجێ نەبن دەکشێتەوەو بۆ ئەوەش ماوەیەکی دیاریکراوی دانا، بەڵام نەیتوانی ئەو بەڵێنەی بباتەسەر و لەگەڵئەوەی بەرپرسانی بزووتنەوەکە دان بەوەدا دەنێن مەرج و پڕۆژەکانیان بۆ چاکسازیی جێبەجێ نەکراوە، بەڵام نەیانتوانی هەڵوێست وەربگرن و لە حکومەت بکشێنەوە، ئەوەش متمانەی بزووتنەوەکەی بەتەواوەتی لای جەماوەر لاواز کرد.
گۆڕان حیزبی دەنگدەرەو هەڵبژاردنی ئەمساڵ سەنگی مەحەکە بۆی، بە هەستانەوە، یاخود لاوازبوونی تەواوەتی تا ڕادەی نەمان، ئەوە لەکاتێکدا دێت تا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، دەنگدەران لە هەڵبژادنەكانی عێراقو كوردستاندا(لە 2009 بۆ 2013) هەموو جارێك نزیكەی نیو ملیۆن كارتی دەنگدانیان بە دڵی ئەو دەخستە سندوقی دەنگدانەوە، بە ئومێدی گۆڕانكاری ڕیشەیی لەو حوكمڕانییەی پارتیو یەكێتی دەیانكرد، ئەوەش بزووتنەوەکەی کرد بە بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن و لە یەکەم هەڵبژاردن لە ٢٠٠٩ پارتی و یەکێتی تووشی شۆک کردو ٢٥ کورسی لە پەرلەمان بە دەست هێنا.
بەڵام تەنها چوار ساڵ وەک ئۆپۆزسیۆن بڕی کرد و دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لە حكومەتدا كرد.
لەوکاتەوە سەرەتای لاوازبوونی گۆڕان دەستی پێکرد و لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2018 نیوەی دەنگەكانی لەدەستداو تا ئەمڕۆ بەرەو لێژیی دەڕوات و زۆرینەی ئەوانەی دەنگدەری گۆڕان بوون ئێستا لەبەرەی بایکۆتی هەڵبژاردنن کە بە هێزترین بەرەیە لە کوردستان.
جیاواز لە حیزبەكانی دیكە، جەماوەری گۆڕان بۆ پلەو پۆستو پارە، یاخود بە هۆی دینو ئایدۆلۆجیاوە وابەستەی ئەو بزووتنەوەیە نەبوون، بەپێچەوانەوە زۆریان تەنانەت بە پارەو پۆستیش ئامادەنەبوون جێی بهێڵن، ئەوان بە ئومێدی جیاوازبوون لە پارتیو یەكێتیو بۆ گۆڕانكارییو باشتركردنی ژیانو بەڕێوەبردن لە كوردستان دوای ئەو بزووتنەوەیە كەوتن، بەڵام ئێستا ئەو ئومێدەیان نەماوە.