شاخەوان عەبدوڵا: سودانی بڕیاریدا ئەمڕۆ فەرمان بدات بە خەرجکردنی موچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم
پەرەگراف
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا ئەمڕۆ فەرمان بدات بە خەرجکردنی موچەی مانگی 7ی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم و هەفتەی داهاتووش مانگی 8 خەرج دەکرێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەربارەی پرسی مووچە:
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ بەرێز سەرۆک وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی گفتوگۆمان کردو بڕیاری دا ئەمڕۆ تەوجیه بدات بەسەرفکردنی موچەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ مانگی ٧و هەفتەی داهاتوو مانگی ٨ سەرف بکریت، لەبارەی ئەو گرفتانەی وەزارەتی دارایی ئیتحادی دروستیکردوە بە بڕینی موچەی چەند توێژێک لەبەر چەند هۆکارێک پێشنیارمان کرد، ئەوانەی دوو جار ناویان هاتوە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لە هەرێم و موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیان هەیە نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتی کاری ئیتحادی بکریت بۆ ئەوەی موچەیان ببڕیت نەک بڕینی موچەکانیان کە سەربە حکومەتی هەریمە، هەروەها لەبارەی ئەوانەی بایومەتریان نەکردوە بە سەرۆک وەزیرانم راگەیاند ئەوەی بایومەتری نەکردوە مانای ئەوە نییە وجودی نییەو نابێت موچەکانیان ببڕن هاوشێوەی ئەوان لە حکومەتی ئیتحادیش هەیە و بایومەتریان نەکردوە.
بۆ ئەو مەبەستە پێشنیارمان کرد گشتاندنێک بکریت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی ئیتحادی و هەریم کە دەبێت ئەو پرۆسە لەماوەی ئەوەندە مانگە تەواو بکرێت بەپێچەوانەوە موچەکانیان ببرن، نەک ئەوەی لەئیستاوە ببڕێت، باسمان لەوە کرد حکومەتی هەرێم لەو پرۆسەیە زۆر خێرایەو لەسەرەتای ساڵەوە لە کۆی ٦٠٠ هەزار فەرمانبەر کە مابون و بایومەتریان نەکردبوو ئیستا تەنها ١٠٠ هەزار ماوەو پرۆسەکەش بەردەوامە، بەسوپاسەوە وتی هەردوو پێشنیارم لاپەسەندەو کاری لەسەر دەکەین، دڵنیابن هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە دەیخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بابەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە میزاجی شەخسی وەزیرێک یان کەسێک دەربکەین و بچێتە چوارچێوەی دامەزراوەی فەرمی هەردوو حکومەت و یاسا بەرکارەکان.