وەزیری پەروەردە: لە حەوت ڕۆژدا وردبینی لە لیستی وانەبێژان بەمەبەستی دامەزراندنیان ‏بكەن

26-08-2024 01:16

پەرەگراف

وەزیری پەروەردە بە نووسراوێك سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە ئاگادار ‏دەكاتەوە كە "لە ماوەی حەوت ڕۆژدا" وردبینی لە لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژی ‏دانەمەزراو بەمەبەستی دامەزراندنیان بە "گرێبەستی هەمیشەیی" بكەن و ڕەوانەی ‏وەزارەتی بكەن.‏

لە نووسراوەكەدا هاتووە "بە فەرمانی سەركوەزیرانی هەرێم، مامۆستایانی وانەبێژی ‏دانەمەزراو لەسەر داهاتی ناوخۆ دەكرێنە گرێبەستی هەمیشەیی، لیستی ناوی ئەو ‏مامۆستایانەتان بۆ دەنێرین، وردبینیی بكەنەوە و هیچ كەموكووڕییەك نەبێت".‏

وەزیری پەروەردە دەشڵێت "تەنیا حەوت ڕۆژی كاركردن ماوەتان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ‏لیستەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی وەزارەت، ڕۆژی پێنجشەممە 05-09-2024 ‏كۆتا وادەی گەڕاندنەوەی لیستەكانە".‏

دوێنێ‌ یەكشەممە 25-08-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ ‏نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و دواتر ڕایگەیاند ‏‏"بڕیارمان دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حكومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژان كە ژمارەیان ‏نزیكەی 38 هەزار كەس دەبێت، بكرێن بە گرێبەست"‏‎.‎

سەرۆكی حكومەتی هەرێم سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی كرد كە سەرەڕای دۆخی ‏سەختی دارایی، "كۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرك و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و ‏بەرپرسیاریەتیی خۆیان بەجێ گەیاندووە‎".‎

‎"‎بە داخەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكرێت، هەر بۆ ‏نموونە لە ئاستی حكومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ‏ساڵێكدا، نزیكەی یەك ملیۆن كەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەك كەسیان بۆ هەرێمی ‏كوردستان دانەمەزراندووە" مەسروور بارزانی وا دەڵێت‎.‎

مامۆستایانی وانەبێژ دەیان خۆپیشاندان و سەدان یاداشتیان ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم ‏كردووە لە پێناو دامەزراندنیان بە هەمیشەیی، وانەبێژان بەشێكی سەرەكیش بوون لە ‏بەرەی بایكۆت و خۆپیشاندانەكان لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین‎.‎

مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان مووچەیان بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی ‏تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، كەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار ‏دینار وەردەگرن‎.‎

وانەبێژان لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوە و لە ئێستادا ‏بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەكانیان نزیكەی ١٤ ملیار دینارە، ئەگەر بكرێنە ‏گرێبەست بڕی چوار ملیار دینار زیاد دەبێت بۆ كۆی ئەو مووچەیەی مانگانە وانەبێژان ‏وەری دەگرن‎.‎