ڕەوتی هەڵوێست لەسەر مووچە سكاڵای دژی هەردوو سەرۆكوەزیران تۆمار كرد

26-08-2024 12:18

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، دەڵێت "ئەمڕۆ هەنگاوی یەكەممان ‏هەڵگرت بۆ چارەسەری گرفتی مووچە و تەوتین (بەبانكیكردن)، بە تۆماركردنی سكاڵا ‏لەسەر هەردوو سەرۆكوەزیران (مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی‎)".‎

سكاڵاكە لە ڕێگەی پارێزەران ڕێبین شێخ سمایل و محەمەد نەجیمەوە لە دادگای باڵای ‏فیدراڵی تۆمار كراوە‎.‎

دەریا محەمەد، یاساناس و مامۆستای زانكۆ، بە نوێنەرایەتیی ڕەوتی هەڵوێست سكاڵاكەی ‏تۆمار كردووە و دەڵێت "هەموو توانا و لێهاتویی خۆمان لە بواری یاساییدا بەكار دەهێنین ‏بۆ ئەوەی بتوانین لە دادگایی فیدڕاڵییەوە بڕیارێك بدرێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو ‏مووچەخۆران بێت‎".‎

ئامانجی سكاڵاكە ئەوەیە "هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێم مولزەم بكرێن بەوەی ‏مووچەخۆران نەكەنە قوربانی كێشەی سیاسییەكانی نێوان خۆیان‎".‎

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانكە حكومییە ‏فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەبانكی بكرێت، كە تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە، ‏هەروەها نابێت مووچە تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان بكرێت و نابێت ناكۆكیی نێوان ‏حكومەتەكانی هەرێم و عێراق ببێتە لەمپەر لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی ‏مووچەخۆرانی هەرێم.‏