پەرەگراف
بەیانیی ئەمڕۆ دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بوونەوەو شەڕەتە لە نێوانیان ڕوویدا، دوو بازرگانەکە بە برینداری دەستگیر کران و ئاسایشێک بریندارە.
ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، کاتژمێر 9ی بەیانی لە گەڕەکی سەرچنار، "پاش ڕووبەڕوبوونەوە توانیان (دوو ) بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە برینداری دەستگیر بکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی زیاتر لە (١٤) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ".
ئاسایش ئەوەشی خستەڕوو، لەئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەکەدا، کارمەندێکی دەزگای ئاسایش برینداربووەو تۆمەتباران بە ماددەی (٢٥) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.
ناوەڕاستی ئەم مانگە دەزگای ئاسایشی هەرێم "نزیكەی 250 ملیۆن دەنك حەپ و 125 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر"ـی لە سلێمانی لەناو برد، ڕایشیگەیاند كە "بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە زیادی كردووە" و هێشتا "زیاتر لە دوو تۆن" ماددەی هۆشبەری دیكە ماون كە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ لەناوبردنیان چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی كەیسەكانیانن لە دادگا.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت "لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 638 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون، كە 200 بۆ 250 كەسیان ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەرن، ئەوانی دیكە بازرگان و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرن".
دەزگاكە دەشڵێت "بەراورد بە حەوت مانگی یەكەمی ساڵی پار، بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە زیادی كردووە. ماددەی هۆشبەر لە دەرەوەی هەرێمەوە دەهێنرێت و ئەم ناوچەیە (هەرێمی كوردستان) زیاتر وەكوو ترانزێت بەكار دەهێنرێت بۆ گواستنەوەی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و دەرەوەی عێراقیش".