پەرەگراف
مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارمان دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێن بە گرێبەست.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژان دەکات کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، "کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە".
"بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
مامۆستایانی وانەبێژ دەیان خۆپیشاندان و سەدان یاداشتیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە لە پێناو دامەزراندنیان بە هەمیشەیی، وانەبێژان بەشێکی سەرەکیش بوون لە بەرەی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین.
مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان مووچەیان بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن.
وانەبێژان لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوەو لە ئێستادا بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی ١٤ ملیار دینارەو ئەگەر بکرێنە گرێبەست بڕی چوار ملیار دینار زیاد دەبێت بۆ کۆی ئەو مووچەیەی مانگانە وانەبێژان وەری دەگرن.