پەرەگراف
برایەكی ئەو مامۆستایەی ئەمڕۆ لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە تۆمەتی "هاوكاركردنی پەكەكە" سزای 18 مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، دەڵێت "مامۆستا لوقمان لەسەر سێ كارتۆن كێك بەبێ بوونی بەڵگەیەك كە بۆ پەكەكەی بردبێت، سزا دراوە".
بورهان نەجم، برای مامۆستا لوقمان نەجم، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ مامۆستا لوقمان، بێ بنەمایە، كەیسەكەی بەسیاسی كراوە و تەنیا لەبەر ئەوەی كەسێكی ئازاد و ڕەخنەگرە و ناهەقی قبووڵ ناكات، سزا دراوە".
ئەمڕۆ 25-08-2024، پاش زیاتر لە نۆ مانگ دەستگیر و زیندانیكردنی، دادگای كەتنی هەولێر بە تۆمەتی "هاوكاریكردنی پەكەكە"، سزای ساڵێك و شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر مامۆستا لوقمان نەجم، مامۆستای دواناوەندیی سیدەكاندا سەپاند.
بورهان نەجم، برای مامۆستا لوقمان نەجم، چیرۆكی دەستگیركردنی براكەی بەم شێوەیە بۆ پەرەگراف گێڕایەوە "مامۆستا لوقمان جگە لە پیشەی مامۆستایی، لە ناوچەی هۆڕنێی باڵەكیان جووتاریشی دەكرد. كەسێك لەوێ داوای كردووە سێ كارتۆن كێكی بۆ ببات، ڕۆژی 21-11-2023 كارتۆنە كێكەكانی لەگەڵ خۆی بردووە، بەڵام كەسەكە لەوێ نەبووە، بۆیە كارتۆنە كێكەكانی لەگەڵ خۆی هێناوەتەوە".
"لە كاتی گەڕانەوەی، لە سیدەكان لەسەر ئەو سێ كارتۆن كێكە دەستگیر كراوە. تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ كە بۆ پە.كە.كەی بردووە، لەكاتێكدا نازانین ئەو كەسە كێیە و بەڵگە نییە كە پەكەكە بووبێت"، بورهان نەجم وای وت.
برای مامۆستا سزادراوەكە بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوە كرد كە "ئەو ناوچانەی كە جووتیاریی لێ دەكەین، دەكەوێتە پشتی سیدەكان و چەندین ساڵە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، ئەوە شتێكی ناچارییە كە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو هێزە بكەیت".
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی مامۆستا لوقمان، براكەی وتی "لە ئاسایشی گشتیی هەولێرە و سەردانمان كردووە، دۆخی تەندروستیی باشە".
ماوەیەكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە وەكوو "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" لێك دەدرێتەوە، چەند ڕۆژنامەنووس و چالاكێك بەو تۆمەتە و بەپێی ماددەی 1ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 سزا دراون.
ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 دەڵێت "ماددەی 156 لە یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو لەكار دەخرێت و لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەمە جێگەی دەگرێتەوە: هەركەسێ بەدەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك لە كارێكدا تێوەگلێ بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزا دەدرێت".
لەلایەن بەشێك لە پسپۆڕانی یاسایی و چالاكوانانەوە ڕەخنەی ئەوە لە ماددە یاساییەكە دەگیرێت كە "لاستیكی"یە و جۆری تاوان و سزاكەی بە وردی دیاری نەكردووە، ئەمەش وا دەكات كەڵكی خراپی بۆ سزادانی چالاكان و ڕۆژنامەنووسان لێ وەربگیرێت.