پەرەگراف
ئەمڕۆ جارێکی دیکە سوپای تورکیا بەچڕی چەند گوندێکی سنوری ناحیەی کانی ماسێی لە ئامێدی بۆردومان کردو ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتەوە، بەوهۆیەوە 19 خێزان لەگوندی ئەلکێشکێ گیریان خواردووە لەبەرئەوەی دەوروبەری گوندەکە ئاگرەو ڕێی دەربازبوونیان نییە.
کامەران عوسمان، لە رێکخراوی سی پی تی کە چاودێری ناوچەکانی شەڕ دەکات، دەڵێت "بەهۆی بەردەوامی شەڕ و بۆردومانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئاگر گەیشتۆتە ناو گوندەکانی مێرگا قەسرێ، گرێ سۆر، ئەلکیشکێ، جمبلکێ و بێلیزانێ".
"ئاگرەکەی گوندی ئەلکیشکێ گەیشتۆتە ناو ماڵی گوندنشینان و باخ و بێستانی جوتیارەکان و گۆڕستانی گوندەکەشی گرتۆتەوە. بەهۆی بڵێسەی ئاگرەکە، شەقامی سەرەکی بۆ چوونە ژوورەوە یاخود هاتنە دەرەوە لە ناو گوندەکە داخراوە" کامەران وادەڵێت.
دەشڵێت "ژمارەیەک لە گوندنشینان توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن و لە گوندەکە بێنە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا ١٩ خێزانی ناو گوندەکە گیریان خواردووە و داوای بە هاناوەچوون دەکەن بۆ دەربازکردنیان".
ڕێژەی دارستان و پوش و پاوانی سوتاو بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، بە 2 هەزارو 400 دۆنم زەوی دەخەمڵێندرێت.