پەرەگراف
هێزە گەورەكەی حەشدی شەعبی پاش نزیكەی حەوت كاتژمێر مانەوە لە كێڵگە نەوتییەکەى گەرمیان، كشانەوە. ئێستا هێزی كۆماندۆی یەكێتی گەیشتووەتە بیرە نەوتەکە و هێزى پێشمەرگەش ڕەوانەى ناوچەکە کراوە. یەكێتی دەڵێت "ئەو هێزە بەبێ ئاگاداری هاتبوون". حەشدی شەعبیش دەڵێت "ئۆپەراسیۆنێكی دژی تیرۆرمان بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە".
پاش هاتنی ئەو هێزە بۆ ناوچەكە، میدیای یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵای حیزبەكەوە، ئەو جووڵەی حەشدی شەعبی بە "بەزاندنی سنوور" ناو برد و ڕایگەیاند "قبووڵكراو نییە". میدیای یەكێتی كشانەوەی هێزەكەشی بە ئەنجامی "پەیامی ڕاشكاوی یەكێتی" ناو برد، بەڵام هێزەکەى حەشدی شەعبی دەڵێت "دوای كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکەمان بە سەركەوتوویی و ئەنجامی ئەرێنییەوە"، گەڕاونەتەوە.
كاتژمێر 4:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25-08-2024، هێزێكی گەورەی حەشدی شەعبی بە سەدان ئۆتۆمبێلەوە بەبێ ئاگاداریی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە، بەبێدەنگی چوونە كێڵگەی نەوتی چاڵاو خالید (قەمەر) لە ناوچەی كوڵەجۆی گەرمیان.
میدیای یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بڵاوی كردەوە "هاتنی هێزێكی حەشدی شەعبی بۆ سنووری گەرمیان و كێڵگەی چاڵاو خالید، بەزاندنی سنوورە و بە بێ ئاگاداریی هێزە ڕەسمیەكانی ناوچەكە بووە، بە هیچ شێوەك ڕێگا نادرێت ئەو هێزە لەو ناوچەیە بمێنێتەوە".
سەرچاوەكەی یەكێتی وتیشی "داوامان لە حكومەتی فیدڕاڵ كردووە دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ پاشەكشە بە هێزەكە بكرێت، چونكە ئەو پێشێلكارییە مایەی قبووڵكردن نییە".
هێزەكەی حەشدی شەعبی كە هێزی (فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە دیالە) بوو، بە سەركردایەتیی (تاڵب مووسەوی) فەرماندەی هێزەكە هاتبوونە ناوچەكە و تا كاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ مانەوە، پاشان كشانەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە دیالە، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "كاتژمێر 4:00ـی بەیانیی ڕۆژی یەكشەممە 25-08-2024، ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیی لەناكاومان لە جەبەل قەمەر لە باكووری ڕۆژئاوای ناحیەی قەرەتەپە ئەنجام دا".
فەرماندەییەكە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك، بانگەشەی ئەوە دەكات كە "بەپێی زانیاریی وردی هەواڵگریی و چاودێریی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، شوێنپێی شانەیەكی تیرۆریتستی"ـیان هەڵگرتووە و ئۆپەراسیۆنەكە بەو ئامانجە بووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە دیالە ئاماژە بەوەش دەكات كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا "هێزی یەدەگی فەرماندەیی حەشدی شەعبی و یەكە خزمەتگزارییەكان" بەشدار بوون. دەشڵێت "ئۆپەراسیۆنەكە لە كاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بە سەركەوتوویی و ئەنجامی ئەرێنییەوە كۆتایی هات".