ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەبێ‌ پارتی و توركمان و هاوپەیمانی عەرەبی كۆبووەوە

24-08-2024 03:27

پەرەگراف

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە یەکەم کۆبوونەوەى دوای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، سێ بڕیارى دەرکرد و لەناویاندا بانگهێشتی "پارتی و توركمان" دەكات بۆ "پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان". داوا لەو دوو لایەنە دەکات لە سبەینێ دووشەممەوە "سی ڤیی كەسانی شایستە" بۆ پۆستەکان پێشکەش بکەن.

ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ 24-08-2024 بە بەشداریی نۆ ئەندام کۆبووەوە، حەوت ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی، پارتی و توركمان بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد.

پاش كۆبوونەوەكە، ئەندامە بەشدارەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، ڕێككەوتوون لەسەر "دەنگدان لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك".

جگە لەوانە، تاوتوێی میكانیزمی ڕاگەیاندنی پلەی وەزیفی بۆ گرێبەستەكانی پارێزگای كەركووك" کراوە، كە حەوت هەزار و 403 پلەی وەزیفییە، بە ئامانجی ئەوەی "هیچ پێكهاتەیەك پەراوێز نەخرێت و بە دادپەروەرى دابەش بکرێت".

لە كۆبوونەوەكەدا پێنج ئەندامی یەكێتی و سێ ئەندامی پێكاهاتەی عەرەبی و ئەندامەكەی پێكهاتەی مەسیحی بەشدار بوون.

پێشتریش لە 10-08-2024 ئەو نۆ ئەندامە پێكەوە لە كۆبوونەوەیەكدا لە بەغداد، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەڵبژارد، زۆرێك لە پۆستەكانی دیكەی كەركووكیان بۆ فراكسیۆن و پێكهاتەكانی تر جێهێشتووە.

سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی و دوو ئەندامی پارتی و دوو ئەندامی بەرەی توركمان، كۆبوونەوەكەی بەغداد بە نایاسایی دەزانن و بەرەی توركمانیش لە دادگای فیدراڵی سكاڵای تۆمار كردووە.

ناڕازییەكان ڕەتی دەكەنەوە بەشداریی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بكەن و هیچ پۆستێكیش وەربگرن، تا سكاڵاكە لە دادگای فیدراڵی یەكلا دەبێتەوە.