پەرەگراف
وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لەبارەی ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی شێروان شێروانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت "هیچ نووسراوێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە و ئێمە مامەڵە لەگەڵ نووسراوی فەرمی دەکەین".
سەردار قادر، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "زۆرێک لە میدیاکان پەیوەندییان پێوە کردین دەربارەی کاندیدمان شێروان شێروانی لە بازنەی هەولێر، ئێمە وەک ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ نووسراوی فەرمی دەکەین کە لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە پێمان بگات".
وتەبێژی ڕەوتەکە دەشڵێت "تا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی بە ئێمە نەگەیشتووە، هەر کات نووسراوی فەرمی هەبێت، ڕای فەرمیی خۆمان بڵاو دەکەینەوە".
ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کە لەلایەن عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات. ڕەوتەکە شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی بادینانی بە سەرۆکی بازنەی هەولێر دیاری کردووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەندێک میدیا لە سەرچاوەی جیاوازەوە بڵاویان کردەوە کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە وەڵامی نووسراوی کۆمیسیۆندا، کاندیدبوونی شێروان شێروانیی ڕەت کردووەتە.