پەرەگراف
باوكی یەكێك لەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هێرشە درۆنییەكەی نزیكی سەیدسادق كوژرا، دەڵێت "ماڵەكەم 10 مەتر لەگەڵ كۆمپانیاكە (كۆمپانیای چەتر) بەینی هەیە و كچەكەم كاری مەدەنیی كردووە. مردنە بۆ دژەتیرۆری پارتی كە بە چەكدار لەقەڵەمی داوە و لەخۆیانەوە دیعایە بڵاو دەكەنەوە".
باوكی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین، دەشڵێت "ئیدانەی ئەو دەست و لایەنە دەكەم كە بوونەتە خوێنڕێژی ناوچەی سلێمانی، كە هەر بە پارەی نەوتی خۆمان دەستی بێگانە دەهێننە ناومان و لەناو خاكی خۆماندا كچ و كوڕەكانمان دەكوژن".
كاتژمێر 11:00ـی بەیانیی دوێنێ 23-08-2024، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئۆتۆمبێلێكی لە نزیك سەیدسادق كردە ئامانج كە تیمێكی ڕۆژنامەوانیی كۆمپانیای چەتر بۆ كاروباری میدیایی تێدا بوو، بەڵام دژەتیرۆری پارتی وتی "ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە كراوەتە ئامانج".
باوكی یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە کە خەڵکى سلێمانییە، ئەمڕۆ لە پرسەی كچەكەیدا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان كرد و وتی "شەوەكەی لە ماڵەوە بووین و بەتەمابووین كە بۆ بەیانی لەگەڵ منداڵەكان بچین بۆ سەیران، بەڵام هەر شەو كاتژمێر 3:00 تەلەفۆنیان بۆ كردم كە مامێكم كۆچی دوایی كردووە، بۆیە من چووم بۆ پرسە بۆ عەربەت".
"هێرۆ، بەیانی لەگەڵ هاوڕێكانی بۆ سەفرە چووبوو بۆ ئەحمەد ئاوا، نیوەڕۆ پێیان وتم تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون، دواتر گەڕامەوە و زانیم درۆن لێیداون"، باوكی هێرۆ وا دەڵێت.
باوكی ئەم ڕۆژنامەنووسە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات كە "چیتر ئەمە قبووڵ نەكەن" و دەڵێت "ئەوەی بە سلێمانی دەكرێت، لە سنوور دەرچووە. ئەمە چەند كەسی وەكوو كچەكەی من لە بەلاش ببێتە قوربانی".
پاش چەند كاتژمێرێك لە هێرشە درۆنییەكە، سەرۆكی كۆمپانیای چەتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو سێ كەسەی كراونەتە ئامانج، ڕۆژنامەنووسی كۆمپانیای چەتر بوون و هیچ پەیوەندییەكیان بە حیزبی سیاسییەوە نەبووە".
سەرۆكی كۆمپانیاكە سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەكان وتی "یەكێكیان ناوی گوڵستان تارایە و خەڵكی باكووری كوردستانە، زیاتر لە سێ ساڵە وەكوو ڕاوێژكاری میدیایی لە بەشی هەواڵی سیاسی كاری كردووە، ئەوی دیكەشیان ناوی هێرۆ بەهادینە و خەڵكی سلێمانییە، نزیكەی شەش ساڵە لە كۆمپانیای چەتر كار دەكات".
كەسی سێیەم كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بووە و بریندارە، ناوی (ڕێبین ڕەفیق)ـە، كە ئەویش "ڕۆژنامەنووس بووە لە كۆمپانیای چەتر".
بەڵام دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی)، لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند "ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە كراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێكی پەكەكە و شۆفێرەكەی و چەكدارێكی یاوەری كوژران".
سەرۆكی كۆمپانیای چەتر لە وەڵامی دژەتیرۆری پارتیدا وتی "ئەمە چەواشەكارییە و جارێكی دیكە ڕەوایەتیدانە بە توركیا كە بێت ببێت بە كوێخای نیشتمانەكەمان".