پەرەگراف
وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "هەشت حاڵەتی تووشبوون بە كۆلێرا لە سلێمانی پشتڕاست كراوەتەوە". دكتۆر سامان بەرزنجی دەشڵێت "تیمی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی فەرمانگەی ئاو، هەموو ڕۆژێك دەردەچن و نموونەی ئاو لە هەموو شوێنێك وەردەگرن بۆ پشكنین".
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی هۆشداریی دا لەبارەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆلێرا و ڕایگەیاند "هەشت حاڵەتی گومانلێكراوی تووشبوون بە كۆلێرا هەن كە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەنجامی پشكنینەكانیانین لە بەغداوە".
هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی هۆشداریی دایە هاووڵاتیان كە "نەخۆشیی كۆلێرا ترسناكە، بە تایبەتی لە كەسانی بەتەمەن و منداڵدا دەبێتە هۆی وەستانی گورچیلە لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا". جەختیش دەكاتەوە كە بۆ خۆپارێزی، دەبێت پابەندی ڕێنماییەكان بن.
ئەمڕۆ 24-08-2024، دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی بڵاوبوونەوەی كۆلێرا لە سلێمانی، سەبارەت بە هۆكارەكەی وتی "ئاوی هەندێك لە شەمعەكان و سەوزەی پیس كە بە ئاوی زێراب ئاو دەدرێن، هۆكارن".
ڕۆژی 22-08-2024، دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، ڕایگەیاند "تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە بەتایبەت لەناو شاری سلێمانی، زۆر زیادی كردووە".
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، تكای لە هاووڵاتییان كرد كە "ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن". وتیشی "پشكنینمان كردووە و دەركەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕ و ماركێتەكان هەیە، زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاو نین".
د. سەباح هەورامی داوا لە هاووڵاتییانیش دەكات "بە هیچ جۆرێك ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەكار نەهێنن كە لەلایەن قائیمقامییەتەوە ڕێگایان پێ نەدراوە".