قوباد تاڵەبانی: کوشتنی دوو رۆژنامەوانی ژن لە هێرشە درۆنییەکەی سەیدسادق تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە
پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، بە تووندی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکەی قەزای سەیدسادق دەکەن و دەڵێت: قوربانییەکان دوو رۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار تا مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵات و ناوچەیەک.
"کوشتنی ئەم دوو رۆژنامەوانە تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین. جگە لەوەش پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری خاکی عێراقە" جێگری سەرۆکوەزیران وادەڵێت.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت "جارێکیتر داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان".
کاتژمێر 11:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی میدیای نزیک لە پە-کە-کەی لە نزیک قەزای سەیدسادق کردە ئامانج، ئۆتۆمبێلێکی دیکەش لە هێرشەکەدا زیانی بەرکەوت.
لە بۆردوومانەکەدا، دوو ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەت -کاربۆ میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دەکات- گیانیان لەدەست دا و ڕۆژنامەنووسێکیش بریندار بوو.
سەرۆکی کۆمپانیای چەتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو سێ کەسەی کراونەتە ئامانج، ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیای چەتر بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە حیزبی سیاسییەوە نەبووە".
سەرۆکی کۆمپانیاکە سەبارەت بە ناسنامەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی گیانیان لەدەس داوە وتی "یەکێکیان ناوی گوڵستان تارایە و خەڵکی باکووری کوردستانە، زیاتر لە سێ ساڵە وەکوو ڕاوێژکاری میدیایی لە بەشی هەواڵی سیاسی کاری کردووە، ئەوی دیکەشیان ناوی هێرۆ بەهادینە و خەڵکی سلێمانییە، نزیکەی شەش ساڵە لە کۆمپانیای چەتر کار دەکات".
کەسی سێیەم کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و بریندارە، ناوی (ڕێبین ڕەفیق)ـە، کە ئەویش "ڕۆژنامەنووس بووە لە کۆمپانیای چەتر".
دژەتیرۆری کوردستان (دژەتیرۆری پارتی)، لەبارەی ڕووداوەکەوە دەڵێت "ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بەپرسێکی پەکەکە و شۆفێرەکەی و چەکدارێکی یاوەری کوژران".
سەرۆکی کۆمپانیای چەتر لە وەڵامی دژەتیرۆری پارتیدا دەڵێت "ئەمە چەواشەکارییە و جارێکی دیکە ڕەوایەتیدانە بە تورکیا کە بێت ببێت بە کوێخای نیشتمانەکەمان".