پەرەگراف
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت "تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە زۆر زیادی كردووە و هەشت حاڵەتیش هەن كە گومانی كۆلێرایان لێ دەكرێت، چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی پشكنینەكانین لە بەغداوە".
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، تكا لە هاووڵاتییان دەكات کە "ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن" و دەڵێت "پشكنینمان كردووە و دەركەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕ و ماركێتەكان هەیە، زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاو نین".
د. سەباح هەورامی داوا لە هاووڵاتییانیش دەكات "بە هیچ جۆرێك ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەكار نەهێنن كە لەلایەن قائیمقامییەتەوە ڕێگایان پێ نەدراوە".
هەروەها هۆشدارى دەداتە هاووڵاتیان کە "نەخۆشیى کۆلێرا ترسناکە، بە تایبەتى لە کەسانى بەتەمەن و منداڵدا دەبێتە هۆى وەستانى گورچیلە لە ماوەى چەند کاتژمێرێکدا"، جەخت دەکاتەوە کە بۆ خۆپارێزى، پابەندى ڕێنماییەکان بن.