بارزانی و خەمیس خەنجەر هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک تاوتوێ دەکەن

22-08-2024 11:31
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی و خەنجەر

پەرەگراف

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ خەمیس خەنجەر سەرۆکی حیزبی سیادە کۆبووەوەو هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکیان تاوتوێ کرد، ئەو دوولایەنە بەشێک نەبوون لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی بەغداد کە پارێزگاری کەرکوکی تێدا هەڵبژێردراو دژی وەستاونەتەوە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی حزبی سیادە بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کرد.

"لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی و دوا پەرەسەندن و هاوکێشەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەروەها بارودۆخی پارێزگای کەرکووک ئاڵوگۆڕ کرا" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

هاوپەیمانی عەرەبی سێ كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیەو بەرەی توركمانی دوو كورسی، ئەوان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە شدار نەبوون لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغدا، كە 10ـی ئەم مانگە ئەنجامدراو پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران بە ئامادەبونی 5 ئەندام لە یەكێتیی و 3 ئەندام لە پێکهاتەی عەرەبی و ئەندامێکی كۆتای كریستیان.

لایانە بەشدارنەبووەکان، ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە "نایاسایی" لەقەڵەم دەدەن و لە دژی وەستاونەتەوە، عەرەب و تورکمانەکان سکاڵایان لە دژی کۆبوونەوەکە تۆمار کردووە لە دادگای فیدراڵی.