نێچیرڤان بارزانی: موكڕین لە سەرخستنی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە و نەهێشتنی تەگەرەكانی بەردەمی
پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانی سووربوونی هەرێمی كوردستان لەسەر "سەرخستنی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە و نەهێشتنی تەگەرەكانی بەردەمی" دووپات دەكاتەوە. لەوبارەیەشەوە ستایشی هاریكاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-08-2024، لە كۆبوونەوەیەكدا ئەو پەیامەی بە جەنەراڵ كیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا گەیاندووە.
سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون كە داعش هێشتا مەترسییەكی جددی و ڕاستەقینەیە و بە پەلامارەكانی لە عێراق و سووریا هەڕەشەی بەردەوام لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات".
هەروەها سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی هاوپەیمانان جەختیان لە "گرنگیی بەردەوامیی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هاریكاریی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیماناندا" كردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی داعش.
هەریەك لە وەزیری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون و باس لە دوایین پێشهات و ئەگەر و لێكەوتەكانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە، هەردوولا جەختیان لە "پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە پشێوی و ئاڵۆزیی زیاتر" كردووەتەوە.