پەرەگراف
عێراق هەنگاوی کردەیی دەنێت بۆ کەمپنشینکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستانن، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕەزامەندی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی وەرگرتووە بە مەبەستی نیشتەجێ کردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە ناوچەی زڕگوێزن، لە کەمپی سورداش لە سلێمانی.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی قاسم ئەعرەجی کە ١٩ی ئەم مانگە ئاڕاستەی وەزارەتی کۆچ کراوەو وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە.
هەرهەمان ڕۆژ ئیڤان فائیق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەڵامی نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی داوەتەوەو لاری نەبوونی پیشانداوە لەو داوایەو تەرخانکردنی کەمپی سورداش بۆئەو مەبەستە.
هەرلە ١٩ی مانگدا قاسم ئەعرەجی لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران کۆبووتەوەو ئەعرەجی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک وێنەکانی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر ئەو پاڵپشتییانەی کە وەزارەتەکە پێشکەشی کردووە بۆ کارەکانی لیژنەی باڵای ئەمنیی بۆ چاودێریی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "نووسراوەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق تایبەتە بە نیشتەجێکردنی لایەنە ئۆ پۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە زڕگوێزن لە کەمپی سورداش".
نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی
.jpg)
وەڵامەکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران

هەریەکە لە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران(کۆمەڵە)، حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێرانن بارەگایان لە زڕگوێزە.
ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژۆ کرا، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێکردنیانە لە کەمپدا.
پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان" لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە مانگەكانی كۆتایی 2022ـدا هێرشەكانی چڕ كردەوە و چەند جارێك بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاكی هەرێمدا بە مووشەكی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژكراو كردە ئامانج.