مەسروور بارزانی: گرنگە هەڵبژاردن لە كەشێكی ئازادانە و دادپەروەرانە و دوور لە ساختەكاری ئەنجام بدرێت

21-08-2024 11:39

پەرەگراف

مەسروور بارزانی دەڵێت "گرنگە هەڵبژاردن لە كەشێكی ئازادانە و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلكاری و ساختەكاری" ئەنجام بدرێت. بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە گرنگیی ڕۆڵی نتەوەیەكگرتووەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21-08-2024، مەسروور بارزانی پێشوازیی كرد لە كلاودیۆ كۆردۆن، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بە وەكالەت، بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووە.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی كردووەتەوە كە "پێویست و گرنگیشە نەتەوەیەكگرتووەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی كارا چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بكەن، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت".

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوای چوار جار دواخستن، بڕیارە 20-10-2024 بەڕێوە بچێت. 139 لیست كە لە 13 حیزب و دوو هاوپەیمانی و 124 كاندیدی تاكەكەسی پێكهاتوون، بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن.

لەناو كاندیدە سەربەخۆكان، 19یان مەسیحین، حەوت لە هەولێر و هەشت لە دهۆك و چوار لە سلێمانی. هەروەها 20 كاندیدی توركمان هەن، 14یان لە هەولێر و شەش لە سلێمانی. 85 كاندیدیش بە سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشتر بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كۆی ژمارەی دەنگدەرانی گشتی، دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 كەسە، هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت 215 هەزار و 960 كەسە".

سەبارەت بە ژمارەی ناوەند و بنكەكانی دەنگدان، جومانە غەلای ڕایگەیاند "بۆ دەنگدانی گشتی لە هەر چوار بازنەكە، هەزار و 266 بنكەی دەنگدان هەن و شەش هەزار و 318 وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرن، كە لەسەر بنەمای یەك وێستگە بۆ 450 دەنگدەر دابەش كراوە".

بۆ دەنگدانی تایبەتیش "165 بنكەی دەنگدان هەن و 749 وێستگەی دەنگدان لەخۆ دەگرن، كە لەسەر بنەمای یەك وێستگە بۆ 300 دەنگدەر دابەش كراوە".

بەپێی دابەشكاریی نوێ، پەرلەمانی كوردستان لە 100 كورسی پێك دێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان كراوە، هەڵبژاردنیش بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوە دەچێت.

پێنج كورسییەكەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش ‏كراون: پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە 19-5-1992، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.