سۆران عومەر: تا ئێستا یەك دینار بۆ مووچە لە بەغداوە نەهاتووە

20-08-2024 09:54

پەرەگراف

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "تا ئێستا یەك دینار بۆ مووچەی مانگی حەوت لە بەغداوە نەهاتووە". دەشڵێت "حكومەتی هەرێم مانگانە لیستی جیاوازی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرێت و ئەوەش وردبینیی قورس كردووە".

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند "تا ئێستا یەك دینار بۆ مووچە نەهاتووە و كاتەكەیشی دیار نییە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: دەستمان بە ڕێكارەكانی خەرجكردنی مووچە كردووە".

ئەو پەرلەمانتارە كە خۆی دەڵێت ئەم بەیانییە بۆ بەدواداچوونی كێشەی مووچە قسەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كردووە، دەڵێت "وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بەوە كرد كە حكومەتی هەرێم جۆرێك لیست دەنێرێت كە بەردەوام جیاوازی و زیادكردنی تیایە، ئەمەش وا دەكات وردبینییەكان قورستر ببن". هەروەها "تێبینییەكان كە لەسەر لیستەكان هەیە بە تایبەت سەربازی، چاك نەكراون".

وەكوو سۆران عومەر دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بەوە كردووە كە "ئەمساڵیش هەموو مانگێك كە مووچەمان ناردووە، لەسەر بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆمان ناردوومانە".

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونى دەکاتەوە كە بۆ ئەوەی كێشەی "كەم و زیادكردن"ـی مووچەخۆران چارەسەر بێت، حكومەتی عێراق داوای بایۆمەتری دەكات، بەڵام "بەشێك لەوانەی ئێستا بایۆمەترییان بۆ دەكرێت، ئەوانەن كە دەخرێنە شوێنی ناوە وەهمییەكان و ناوە دووبارەكان و دامەزراندنە تازەكان، كە ئەمانە هیچی یاسایی نییە".

سەبارەت بە بابەتی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ هاوشێوەكانیان لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق، سۆران عومەر دەڵێت "بابەتەكە یەكلایی نەبووەتەوە و ئەو لیژنەیەی دروست كراوە هێشتا كارەكانی تەواو نەكردووە".

ئەمڕۆ 20-8-2024، بەڵام هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە، بەوهۆیەشەوە ناڕەزایەتی لە بەشێك لە فەرمانگەكان سەری هەڵداوە.