دادگای فیدراڵی دوو داوا رەتدەكاتەوە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
پەرەگراف
دادگای فیدراڵی دوو داوای ڕاکان جبوری و حەسەن تۆرانی ڕەت کردەوە بۆ وەستاندنی ڕێکار و بڕیارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
راكان جبوری، سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و سەوسەن عەبدولواحد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە بەرەی توركمانی، بە جیا دوو سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردووە لە دژی هەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
سکاڵاکاران داوایان لە دادگای فیدراڵی كردووە جێبەجێكردنی رێكار و بڕیارەكانی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە لە ئوتێل ڕەشید لە بەغداد ئەنجامدرا، بە فەرمانێکی سالاریی رابگرێت تا ئەوكاتەی سكاڵاكانیان لەوبارەیەوە یەكلایی دەكرێنەوە.
دادگای فیدراڵی دوێنێ وردبینی بۆ هەردوو داواكارییەكە كردووەو رەتیكردوونەتەوە، بە هۆی ئەوەی هیچ سیفەتێكی پەلە و پێویستیی تێدا نییە فەرمانی سالاریی بۆ دەربکرێت تا كاتی یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان.
هاوپەیمانی عەرەبی سێ كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیەو بەرەی توركمانی دوو كورسی، ئەوان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە شدار نەبوون لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغدا، كە 10ـی ئەم مانگە ئەنجامدراو پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران بە ئامادەبونی 5 ئەندام لە یەكێتیی و 3 ئەندام لە پێکهاتەی عەرەبی و ئەندامێکی كۆتای كریستیان.
لایانە بەشدارنەبووەکان، ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە "نایاسایی" لەقەڵەم دەدەن و لە دژی وەستاونەتەوە.