قوباد تاڵەبانی پشتڕاستی دەکاتەوە بەغداد تێبینی لەسەر لیستی مووچەی هەرێم هەیە

19-08-2024 05:23

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "دەست كراوە بە ناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی "تا پرۆسەی ناردنی مووچە بەدامەزراوەیی دەکرێت و ناوەکان پشتڕاست دەکرێنەوە، تووشی گرفتی نەناردنی مووچە دەبین".

قوباد تاڵەبانی پشتڕاستی کردەوە کە "تێبینی لەسەر لیستی مووچە" هەیە و دەڵێت "ئەوەش لەنێوان دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و دیوانی چاودێریی عێراق بەرەو چارەسەربوون دەچێت".

هاوکات شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانەو لەگەڵ شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەوە.

وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە کە ئامانجی سەردانەی شاندەکە "خۆی لە وردبینی لە خەرجی و داهاتی سێ مانگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ دەبینێتەوە ئەوەش لەسەر بنەمای یاسای بودجەی گشتی عێراق کە پێویستە هەر سێ مانگ جارێک تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لە داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن".

ڕۆژى سێشەممە 13-8-2024، تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق، سەردانى پەرلەمانى عێراقى کرد و لەگەڵ لیژنەى دارایى کۆبووەوە. هەرچەندە بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایى ڕایانگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامى ڕایگەیاندووە لە دوو ڕۆژى داهاتوودا و تا ڕۆژى پێنجشەممە ١٥-٨، مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەبێ هێزە ئەمنییەکان دەنێرن، بەڵام بەغدا مووچەکەى نەنارد.

نیوەی مانگی هەشت تێپەڕبووەو هێشتا مووچەی مانگی حەوت لە بەغداوە نەنێردراوە.

مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆچی دواکەوتووە؟ مەسعود حەيدەر بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێشتر چوار خاڵی خستەڕوو:

١- بە پێی یاساو رێنماییەکان دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەموو مانگەکانی یەک ھەتا مانگی شەشی ٢٠٢٤ ( خەرجی نیو ساڵ) بەوانەی ھەرێمی کوردستانیشەوە،

٢- پێداچوونەوەکە بەردەوامە، وەزارەتی دارایی / فەرمانگەی موازنە ھەوڵی تەواو ئەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

٣- گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی ھەشت رەوانەی وەزارەتی دارایی  فیدراڵی بکات، بەتەواوبوونی پێداچوونەوەی مانگەکانی پێشوو، لە مانگەکانی داھاتوو مووچەی ھەرێم دواناکەوێت.

٤- وەزارەتی دارایی فیدراڵی ھەموو جوھدێک دەکات بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی کارە ئیداریەکان تەواو بکات و مووچە بنێرێت. ناردنی مووچەی فەرمانبەران ھەر ھیچ کێشەو گرفتێکی نییەو و دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتوو کێشەی نابێت.