وەزیرێکی هەرێم بۆ کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکە: ئەو ناحەقییە بەبێ سزا تێناپەڕێت

19-08-2024 01:26

پەرەگراف

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم، لە پەیامێکدا بۆ کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکەی هەورامان، بەڵێنیان پێ دەدات کە "بێگومان بن ئەو ناحەقییە بەبێ سزای یاسایی تێناپەڕێت"، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجەش بە پەرەگرافی وت، ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی گەنجەکە دەستگیر کراوە.

حەمەی حەمەسەعید دەڵێت "ھێزەکانی پاسەوانی سنوور، کاریان پاسەوانی و پاراستنی خەڵکە، نەک کوشتن و شەھیدکردنیان. ئەوە چەندین جارە ئەم دەستدرێژی و خەڵک کوشتنە دووبارە دەبێتەوە".

"پارساڵ ھەر لە ھەمان شوێن، کەسێکی تریان کوشت، لەلایەن کۆمەڵایەتیی ھەورامانەوە سوڵحیان بۆ کرا و من و کاک جەمیل ھەورامی نیوەی زیاتری پارەی سوڵحەکەشمان لە یەکێتی بۆ دان، ئەوەی بکوژەکان دایان قەرزیان بۆ کرا کە ھێشتا قەرزەکەیان نەداوەتەوە"، حەمەی حەمەسەعید وا دەڵێت.

ئارام خەليل، کۆڵبەرێکی تەمەنی 26 ساڵی خەڵکی گوندی سەرگەتی هەورامان بوو، ئێوارەی دوێنێ لەسەر سنوور "لەلایەن پاسەوانی سنورەوە" تەقەی لێ کراو کوژرا.

عەقید بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو کەسەی کە تۆمەتبارە بە کوشتنی گەنجەکەی سەرگەت، دەستگیر کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
تۆمەتبارەکە ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوورە و تۆمەتبارە بە تەقەکردن لەو گەنجە کۆڵبەرەی کە ئێوارەی ڕابردوو لە سنووری مەرزی سیپەی هەورامان کوژرا.