ڕێكاری خۆپارێزی دژی ئاوڵەی مەیموون لە هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكات

19-08-2024 09:09

پەرەگراف

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ئامادەكاری بۆ ‏ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە دامودەزگاكانی تەندروستی دەست پێ‌ ‏دەكات. سێ‌ بڕیار لەوبارەیەوە درا.‏

هاوكات وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە كە "تا ئێستا هیچ ‏حاڵەتێكی گومانلێكراو نییە". دەشڵێت "بە وردی چاودێریی دۆخی ئەم نەخۆشییە دەكەین ‏و تەواوی ئامادەباشی و ئامادەكاری دەكەین".‏

ئێوارەی دوێنێ، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم كۆبوونەوەیەكی فراوانی بە بەشداریی ‏نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی‎ (WHO) ‎دەربارەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون ‏ئەنجام داوە.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، بڕیاریش دراوە لیژنەی باڵای (یەك تەندروستی)‏‎ ‎‎(One Health) ‎كە لیژنەیەكی باڵای هاوبەشە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ‏كشتوكاڵ، دابنرێت‎.‎

هەروەها بڕیارێكی دیكە دانانی پەیامەكانی تەندروستییە بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران، بۆ ‏هۆشیاریی تەندروستی و هەڵمەتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی تەندروستی سەبارەت بە ‏نەخۆشییەكە.‏

هەنگاوێكی دیكەی وەزارەتی تەندروستی، ئامادەكاری دەبێت بۆ "دابینكردنی تێستی ‏پشكنینی تاقیگەیی"، كە لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەنجام دەدرێت.‏

نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون كە نەخۆشییەكی مەترسیدارە، لە ماوەی ڕابردوودا تەشەنەی ‏سەندووە و ئێستا نەخۆشییەكە لە نزیكەی ٢٥ دەوڵەتدا بڵاو بووەتەوە، بەڵام هیچ ‏حاڵەتێك لە عێراق و هەرێمی كوردستان تۆمار دەكراوە.‏