بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەسەر پارچە زەوییەکەی ئامادەیی کشتوکاڵ دەست لەکار دەکێشێتەوە

18-08-2024 07:56
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

 پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند "دوای نۆ ساڵ لە خزمەتکردن، سبەینێ لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە دەست لە کار دەکێشمەوە".

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە میدیای گۆڕانی وتووە "دەستلەکارکێشانەوەم پەیوەندیی بە داگیرکردنی 182 دۆنم زەوییەکەی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆوە هەیە".

دڵشاد عومەر پێدانی ئەو زەوییەی بە کەرتی تایبەت، بە "زوڵم لە کەرتی گشتیی پەروەردە" ناو بردووە و دەڵێت "لە بەرانبەر مشتێک پارەدا دراوە بە وەبەرهێنەرێک".

ناوبراو کە لەسەر پشکی گۆڕان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیی وەرگرتووە، ڕایدەگەیەنێت "لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا درێژە بە خەباتی چاکسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەدەم".

پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەسەر دۆسیەی پێدانی زەویی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ بە كۆمپانیایەك، هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی کردبوو.

ئەو پارچە زەوییە 54 ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی عێراق، لەسەر پەروەردە تاپۆ كراوە، بەڵام ئێستا دراوە بە كۆمپانیای بەڕێز بۆ دروستكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون بە ناوی ئاسوودە.

دڵشاد عومەر، پێشتر ڕایگەیاند"بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە، زەویی بینای ئامادەیی بەكرەجۆ كە 182 دۆنمە، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی سەرۆكی حكومەتەوە بە نووسراوێكی نهێنی كە ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كراوە، دراوە بە وەبەرهێنەرێك".

بە قسەی دڵشاد عومەر، بۆ وەرگرتنی زەوییەكە "واستەی زۆر" كراوە، بە جۆرێك كە گەیشتووەتە ئاستێك "بارەگای بارزانی"یشی تێ كەوتووە.

پارچە زەوییەكەی ئامادەیی كشتوكاڵ لە بەكرەجۆ، لە 18-7-1970بە بڕیاری ئەحمەد حەسەن بەكر، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش، لەسەر پەروەردە تاپۆ كراوە، بەڵام ناوەڕاستی ئەمساڵ بە فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر كۆمپانیای بەڕێز تاپۆ كرا.

هەروەها بە نووسراوێكی دەستەی وەبەرهێنان كە واژووی د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەكەی لەسەرە، پشتڕاستی دەكاتەوە كە ئەو پارچە زەوییە دراوە بە كۆمپانیای بەڕێز.

كۆمپانیاكە دەیەوێت ئەو زەوییە بكات بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، ئەوەش نیگەرانیی بەرپرسانی پەروەردەی لێ‌ كەوتووەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە دەستەی دەستپاكی سكاڵایان تۆمار كردووە.

پەروەردەی سلێمانی پلانی هەبوو زەوییەكە بكات بە كۆمەڵگەیەكی پیشەیی بۆ خزمەتی خوێندكاران، هەروەها دیزاینی پرۆژەكەشیان تەواو كردبوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا نەتوانراوە پرۆژەكە جێبەجێ‌ بكرێت.