ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی سێ‌ تۆمەتباری سووتاندنی چیای گۆیژەی ڕاگەیاند

18-08-2024 12:43

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی سێ‌ تۆمەتباری سووتاندنی چیای گۆیژەی ڕاگەیاند و ‏دەڵێت "بكەری سووتاندنی درەخت و پووش و پاوان بوون و تێكدانی بەشێك لە ژینگە و سروشتی جوانی چیای ‏گۆیژە بوون".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، ئەو تۆمەتبارانە شەوی 30-07-2024، لەلایەن ‏بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسێونەكانی ئاسایشەوە دەستگیر كراون.‏

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت "تۆمەتباران بەپێی ماددەی (٣٤٢) لە یاسای سزادان ڕاگیراون و ڕووبەڕوی یاسا ‏كراونەتەوە".‏

لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەك ئاگر لە چیاكانی ئەزمەڕ و گۆیژەی سلێمانی كەوتنەوە، زیانمەندترینیان ئەو ‏ئاگرە بوو كە بەرەبەیانی 29-7-2024 كەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتان.‏

ڕۆژی 04-08-2024 قائیمقامی سلێمانی دەستگیركردنی كەسێكی بە تۆمەتی خستنەوەی ئاگر لە ئەزمەڕ و ‏گۆیژە ڕاگەیاند. وتیشی "هەڵمەتێك بۆ چاككردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاو و ئاودانی نەمامەكان دەستی پێ‌ ‏كردووە".‏

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، ئاماژەی بەوەش كرد كە "كەوتنەوەی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاگر لە ماوەیەكی ‏كەمدا، گومان دروست دەكات كە بە ئەنقەست بن، بۆیە لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە".‏

ئێستا هەڵمەتێكی فراوان بۆ "چاككردنەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاوەكان و ئاودانی نەمامەكان و ڕزگاركردنی ‏ئەو دارانەی كە بە تەواوی نەسووتاون" لە گۆیژە و ئەزمەڕ دەستی پێ‌ كردووە، قائیمقامی سلێمانی جەخت ‏دەكاتەوە كە "ئەم ڕووداوانە ساردمان ناكاتەوە و لە سەوزكردنی گۆیژە و ئەزمەڕ بەردەوام دەبین".‏

سەبارەت بە زیانەكانی ئەو ئاگرانە، ئاوات محەمەد ڕایگەیاند "بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی كە كراوە، لە ‏شاخەكانی گۆیژە و ئەزمەڕ زیاتر لە 400 دۆنم دارستان و پووش سووتاوە، زیاتر لە 19 هەزار دار لە تەمەنی ‏جیا جیادا سووتاون".‏

پێشتر لە ڕۆژی كەوتنەوەی ئاگرە گەورەكەی 29ـی 7، ڕەئوف بایز ئاغا، بەڕێوەبەری پرۆژەی دارستانی گۆیژە، ‏ڕایگەیاند "ئاگرەكە ‏لە سەرەوە دروست بووە، لەو ناوچەی كە گەشتیار و خەڵك لێی دادەنیشن ‏و مەقاڵی و ‏نێرگەلە دادەنێن. ڕەشەباش هۆكار بووە بۆ ئەوەی ئاگرەكە ‏زیاتر تەشەنە بكات".‏

بەڕێوەبەری پرۆژەی دارستانی گۆیژە سەبارەت بە زیانەكان ڕایگەیاند ‏‏"تەنیا لە یەك پرۆژەدا كە 240 دۆنمە، ‏‏23 هەزار نەمامی تەمەن سێ‌ ساڵ ‏سووتاون، كە تۆڕی ئاویشی هەبووە و بە قەترە ئاو دراون".‏

هەروەها وتی "پرۆژەیەكی ‏دیكە كە 200 دۆنمە و نزیكەی 22 هەزار نەمامی تێدایە، زیاتر لە نیوەی ‏سووتاوە. ‏‏30 بۆ 40 دۆنمیش لە بەشی خوارەوە سووتاوە".‏

هەر بەهۆی ئاگرەكەوە چەندین داری بەتەمەن سووتان كە لە ساڵی ‏‏1947 بەدواوە نێژراون و تەمەنیان 70 ‏بۆ 80 ساڵ دەبوو.‏