مەسعود حەیدەر: ئەمڕۆ بەشێک لە مووچەی مانگی حەوتی هەرێم خەرج دەکرێت

18-08-2024 12:02

پەرەگراف

مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند: دوای تەواوکردنی زۆربەی کارەکانی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، ئەمرۆ وەزارەتی دارایی عێراق بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگی حەوت خەرج دەکات و لەم حەفتەیە ھەموو مانگی حەوت خەرج دەکرێت.

ڕۆژى سێشەممە 13-8-2024، تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق، سەردانى پەرلەمانى عێراقى کرد و لەگەڵ لیژنەى دارایى کۆبووەوە. هەرچەندە بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایى ڕایانگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامى ڕایگەیاندووە لە دوو ڕۆژى داهاتوودا و تا ڕۆژى پێنجشەممە ١٥-٨، مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەبێ هێزە ئەمنییەکان دەنێرن، بەڵام بەغدا مووچەکەى نەنارد.

نیوەی مانگی هەشت تێپەڕبووەو هێشتا مووچەی مانگی حەوت لە بەغداوە نەنێردراوە.

مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆچی دواکەوتووە؟ مەسعود حەيدەر بريكارى وەزارەتی دارایی عێراق لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێشتر چوار خاڵی خستەڕوو:

١- بە پێی یاساو رێنماییەکان دیوانی چاودێری دارایی پێداچوونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەموو مانگەکانی یەک ھەتا مانگی شەشی ٢٠٢٤ ( خەرجی نیو ساڵ) بەوانەی ھەرێمی کوردستانیشەوە،

٢- پێداچوونەوەکە بەردەوامە، وەزارەتی دارایی / فەرمانگەی موازنە ھەوڵی تەواو ئەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچوونەوەکان لە کەمترین ماوەدا و داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم.

٣- گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی ھەشت رەوانەی وەزارەتی دارایی  فیدراڵی بکات، بەتەواوبوونی پێداچوونەوەی مانگەکانی پێشوو، لە مانگەکانی داھاتوو مووچەی ھەرێم دواناکەوێت.

٤- وەزارەتی دارایی فیدراڵی ھەموو جوھدێک دەکات بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی کارە ئیداریەکان تەواو بکات و مووچە بنێرێت. ناردنی مووچەی فەرمانبەران ھەر ھیچ کێشەو گرفتێکی نییەو و دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتوو کێشەی نابێت.