بارەگای بارزانی هەڵوێستی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووكەوە ڕاگەیاند

17-08-2024 09:12

پەرەگراف

وتەبێژی بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت "دەبێت پارێزگاری كەركووك كوردێكی میانڕەو بێت و لایەنە كوردییەكانی دیكەش لەسەری ڕازی بن". دەشڵێت "ڕێككەوتنی چەواشەكارانە لەوبارەیەوە، ئەنجامەكەی شكستە."

ئەمە یەكەم كاردانەوەی بارەگای بارزانییە لە بەرانبەر هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك بەبێ‌ بەشداریی پارتی و توركمان و بەشێك لە پێكهاتەی عەرەب، كە یەكێتی بە پێنج ئەندامەكەی خۆی و پاڵپشتیی سێ‌ ئەندامی عەرەب و ئەندامەكەی مەسیحی، توانیی لە كۆبوونەوەیەكدا لە بەغداد پۆستەكە بۆ ڕێبوار تەها یەكلا بكاتەوە، بەڵام لایەنە بەشدارنەبووەکان پرۆسەکە بە "نایاسایى" ناو دەبەن و سکاڵایان تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 17-08-2024، خالیدە خەلیل، وتەبێژی بارەگای بارزانی ڕایگەیاند "دەبێت پارێزگاری كەركووك كوردێكی میانڕەو بێت، هەروەها لایەنە كوردییەكانی دیكەش لەسەری ڕازی بن. پێویستە لەسەر سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرەكەیشی ڕێككەوتن بكرێت، ئەمە جگە لە ڕازیكردنی هەموو ئەو پێكهاتانەی كە لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایەدا دەژین".

وتەبێژی بارەگای بارزانی دەشڵێت "بە كورتی و پوختی، ئەو ڕێككەوتنانەی بەشێوەی چەواشەكاری ئەنجام دەدرێن، درەنگ بێ یان زوو، چارەنووسیان تەنیا شكستە".

"ناڕەزایەتیی ئێمە لە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی نیشتمانی و جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی سەیر و نامۆیە، كە ئامانجی هێنانە كایەی كێشە و ناهاوسەنگییە"، خالیدە خەلیل وا دەڵێت.

وتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش كردووە "بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەركەوتوو بێت، ناكرێت سازش و قوربانی بە هەندێك ناوچەی دیكەی كوردستانی بدرێت، یان پێگە و پۆستەكانی كورد بفرۆشرێن بۆ ئەوەی پارێزگاكە بخرێتە نێو ئەجێندای نامۆ كە هەندێ لایەن كاری بۆ دەكەن".

هەروەها دەڵێت "سازش لە كوردستانیبوونی كەركووك ناكەین و كەركووك دڵی كوردستانە. هەروەك سازش لەسەر كوردستانیبوونی ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ناكەین".

ڕێبوار تەها، پارێزگاری نوێی كەركووك لە پشكی یەكێتی، لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەدا ڕۆژی 10-8-2024 لە هۆتێل ڕەشید لە بەغداد بە پارێزگاری هەڵبژێردرا. ڕۆژى 14-8-2024ـیش لەبەردەم سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووك سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەكار بوو.

لە دانیشتنەكەدا نۆ ئەندام بەشدار بوون، پێنج ئەندامەكەی یەكێتی و سێ‌ ئەندامی پێكهاتەی عەرەب و ئەندامەكەی كریستیان، تێیدا محەمەد حافز لە كوتلەی عەرەبی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵبژێردرا. دوو ئەندامەكەی پارتی و سێ‌ ئەندامی عەرەب و دوو ئەندامەكەی توركمانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا، بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد.

پارتی و توركمان و ئەو سێ‌ ئەندامە عەرەبەی بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد، كۆبوونەوەكە بە "نایاسایی" ناو دەبەن و لە داگای فیدراڵی سكاڵایان دژی تۆمار كردووە.

ئەو لایەنانە دوو ڕەخنەی سەرەكییان لە دانیشتنەكە هەیە، یەكەم: كۆبوونەوەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام نەدراوە، بەبێ‌ ئەوەی "هیچ ڕێگرییەكی ئەمنی و یاسایی" هەبێت. دووەم: كۆبوونەوەكە دەبوو لەلایەن سەرۆكی تەمەن كە ڕاكان جبوورییە و بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەكەیە، سەرۆكایەتیی بكرێت.

ڕاكان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هاوپەیمانیی عەرەبی، دەڵێت "ئەو دانیشتنەی كە تێیدا شایستەی خەڵكەكەمان لەلایەن بەشێك لە نوێنەرەكانیەوە دزرا، بە ڕێگەیەكی یاسایی نەكراوە و داواكاریی ئامادەكارییش پێشكەش بە سەرۆكی بەتەمەن نەكراوە، بەڵكو یەك لیست لە ڕۆژی پشوودا داوای كۆبوونەوەی كردووە".