باڵیۆزی ئەمریكا: جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد لە هەرێمی كوردستان دەكەینەوە

17-08-2024 11:09

پەرەگراف

باڵیۆزی ئەمریكا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی "ئازاد و بێگەرد" لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و ڕایشیدەگەیەنێت كە ئەمریكا پابەندە بە كاركردن لەگەڵ حكومەتی هەرێم.

ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، دەڵێت "ستیڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەولێر، لەگەڵ سەركردەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و جەخت لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە 20ـی تشرینی یەكەمدا كرایەوە".

باڵیۆزی ئەمریكا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، جەختیش دەكاتەوە كە "ئێمە پابەندین بە كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكومەتی هەرێم، بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە ڕێگەی پرۆسەی دیموكراسییەوە".

ستیڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەولێر، لەگەڵ دەستبەکاربوونى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا سەردانى سەرۆکى هەرێم، جێگر و سەرۆکى حکومەتى هەێم، سەرۆکانى پارتى و یەکێتیى کرد. پرسى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان سەرەکیترین تەوەرى کۆبوونەوەکان بووە.

بەپێى ڕاگەیەندراوى نووسینگەکانى ئەو سەرۆکایەتییانە، لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى "ئازاد، پاک و بێگەرد" لە وادەى دیاریکراودا کراوەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024ی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژەکە کردووەو ئامادەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکەو ئامادەکارییەکان بەردەوامن.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسیی پێکدێت و پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان تەرخان کراوە، هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت.

پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.